میدیای ئەمریکی: ناكۆكى قووڵ له‌نێوان ئه‌مریكاو ئیسرائیل دروستبووه‌

جیهان

17/11/2023‌ 641 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی تۆڕی (ئێن بی سی نیوزی) ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ناکۆکیی لە نێوان ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بنیامین نەتانیاهۆ سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە غەززە و تێڕوانینی هەردوولا بۆ داهاتووی کەرتی غەززە زیاد دەکات.

ڕاپۆرتەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، واشنتۆن نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل ڕێوشوێنی پێیوستی بۆ سنووردارکردنی کوشتنی خەڵکی مەدەنیی فەلەستینی نەگرتۆتەبەر.
تۆڕە هەواڵییە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستەڕوو، کەلێنی نێوان ئیدارەی بایدن و حکومەتی نەتانیاهۆ سەبارەت بە داهاتووی غەززە بەرەو فراوانبوون دەچێت،ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ناکۆکی گشتیی لێبکەوێتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی بایدن کە قسەیان بۆ کەناڵەکە کردووە، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە بیرۆکەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی ناوچەی دابڕاو لە باکووری کەرتی غەززە، بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی داهاتوو.
بیرۆکەکە کە لەلایەن بەرپرسانی پێشووی ئیسرائیلەوە خراوەتەڕوو بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراوی بەهێز لە باکووری غەززە، لەسەر بنەمای چۆڵکردنی شریتێکی ئەمنیی دانیشتووان دوای جەنگەکە بۆ نموونە بە قووڵی یەک کیلۆمەتر، ئەوەش بەپێی لێدوانەکانی نەفتالی بینێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل .

باس لەوەشکراوە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دوای ئەوە سەریهەڵدا کە ناتانیاهۆ باسی لە نیازی تەلئەبیب کرد بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی ئەمنیی بەسەر غەززە دوای جەنگ.

لەو کاتەدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاڕایگەیاندبوو، واشنتۆن پێی وایە دوای ململانێکان ناتوانرێت غەززە داگیربکرێتەوە، هەروەک ناتوانرێت گەمارۆدانی کەرتی غەززە بەردەوام بێت، هەروەها ناتوانرێت رووبەرەکەی بچووک بکرێتەوە.
کەناڵەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوەڕایگەیاندووە، ئیدارەی واشنتۆن نیگەرانە لە شکستی ئیسرائیلییەکان لە هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی ئێن بی سی نیوز، بێزاریی لەنێو بەرپرسانی ئیدارەی واشنتۆن پەرەدەسێنێت، بەهۆی دیمەنە ئازاربەخشەکانی نەخۆشخانەکانی غەززە و ژمارەی گیانلەدەستدانی زۆر، دوای ئەوەی واشنتۆن داوای لە نەتانیاهۆ کرد ڕێوشوێنی زیاتر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیی بگریتەربەر.
چوارشەممەی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، بەڕوونیی بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، چارەسەری دوو دەوڵەت تاکەڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، هەروەک داگیرکردنی غەززە هەڵە دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا "گەشبینییەکی مامناوەند"ی دەربڕی کە ئیسرائیل و حەماس دەتوانن بگەنەڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بەشێک لەو بارمتانەی کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە لە غەززە دەستبەسەرکراون و جەختی لەوە کردەوە کە داوای لە ئیسرائیل کردووە "لەڕادەبەدەر وریا بێت" لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا لە نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی