شارپرێس:
یەکێک لەدەرەنجامە هەرە دیارەکانی شەڕی غەززە تائێستا بەسەختی دەستگەیشتنە بەتۆڕی تونێلی گروپە چهكدارهكانى غهززه، جا بەهێرشی ئاسمانیی بێت، چ بەهێرشی زەمینیی، یان کاری هەواڵگریی، ئەوەش بەوتەی شارەزایان.
سەبارەت بەسروشتو قەبارەی ئەم تونێلانەو ئایا ئیسرائیل دەتوانێت پەکیانبخات یان نا، دوو شرۆڤەکاری سیاسیی فەڵەستینی قسەیان لەگەڵ تۆڕی سکای نیوزی بەریتانی کردوە، بەشێوەیەک یەکێک لەشرۆڤەکارەکان ئاماژەی بەوەکردوە کە تەنانەت لەکاتی دۆزینەوەو گەیشتنی ئیسرائیل بەو تۆڕە، دەبێت چاوەڕێی سوپرایز بکات.
تائێستا زیاتر لە 40 ڕۆژ بەسەر هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیلو گروپە چهكدارهكانى غهززه تێپەڕیوە، کە دوو هەفتە لەمەوبەر هێرشێکی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکرد، کە تەلئەبیب ڕایگەیاندوە، لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماسو ئازادکردنی بارمتەکان ئامانجیانە، بەوپێیەی پێشبینیدەکرێت بارمتەکان لەناو ئەو تۆڕی تونێلانەدا حەشاردرابن.
تونێلەکان چۆنن؟
بەوتەی ئەشرەف عەککە نوسەرو شرۆڤەکاری سیاسی فەڵەستینی، کەس ناتوانێت سروشتی ئەو تونێلانە بزانێت، بەڵام دڵنیایە کە ژێرخانی ئەو تونێلانە بەباشی تەیارو پڕچەک کراون.
ئەوەی زانراوە لەبارەی ئەو تونێلانەوە:
• پێشبینیدەکرێت 5 کیلۆمەتر درێژبنو بەقوڵایی 30 بۆ 70 مەتر، ئەو تونێلانەش بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵکو گروپێک تونێلن.
• تونێلەکان دوو جۆرن، بەشێکیان تونێلی هێرشبەرینو بەشێکی تریان تونێلى ڕێکخراوو قوڵنو تائێستا هیچیان لەبارەوە نازانرێت.
• کەتیبەکانی قەسام (باڵی سەربازیی حەماس) لەسەر چۆنێتیی خۆشاردنەوەو دەرچون بەشێوەیەکی ئاسان لەناو ئەو تونێلانەدا ڕاهێنانیان پێکراوە.
• ئەستەمە ئیسرائیل بگاتە ئەم تونێلانەو ئەگەر سەربازەکانی بگەنە ئەو تونێلانە، ئەوا دەکەونە ناو تەڵەیەکی گەورەو مەترسیدارەوە، سوپای ئیسرائیلیش پەشیمان دەبێتەوە، چونکە ڕوبەڕوی ئەگەری تەقاندنەوەی هەموو تونێلەکان دەبێتەوە.
تۆڕێکی گوماناوییە
د.ئەیمەن ئەلرەقەب مامۆستای زانستە سیاسییەکان لەگروپی قودسو شرۆڤەکاری سیاسیی فەڵەستینی هاوڕایەو دەڵێت، تا ئەم ساتە وێنەکە لێڵە، کەسیش شێوەی ڕاستەقینەی ئەو تونێلانە نازانێت.
پێشتریش ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبۆوە کە تونێلەکانی غەززە بریتیین لەڕارەویی چڕوپڕ لەناوچەکانی نیشتەجێبونی دانیشتوان، کە ڕێگە بەشەڕڤانانی حەماس دەدات بەشێوەیەکی ئاسان بجوڵێن بێئەوەی لایەنی دوژمن هیچ ئاگاداری ئەو جموجۆڵانە بێت.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، توێژەران پێیانوایە، ئەو تونێلانە شوێنی عەمبارکردنی چەکو ئاوز خۆراکی لەخۆگرتوە، تەنانەت ناوەندی سەرکردایەتییو تۆڕێکی فراوانی لەخۆگرتوە کە تەنانەت ئۆتۆمبێلیش دەتوانێت پێیدا هاتوچۆ بکات.
