دادگای فیدراڵی و لیژنەی فتوای ھەرێم

مەلەفی تایبەت

21/11/2023‌ 921 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لوقمان مستەفا

ھەڵبەتە ڕوون و ئاشکرایە دادگای فیدراڵی و لیژنەی فتوای ھەرێم دوو دەزگای جودایەو ھیچشتێک بەیەکەوە کۆیانناکاتەوە .بەڵام ئەوەی کۆیاندەکاتەوە لەگەڵ دەرکردنی ھەربڕیارو فتوایەکیان دەبنەجێی رەخنەو مشتومڕی گەرمی سۆشیالمیدیا.
ھەرچەندە لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین نکوڵی لەوەبکەین کە بڕیارەکانیان وفتواکانیان بمانەوێ یا نەمانەوێ کاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر تاکبەتاکی کۆمەڵگاکەمان بابزانی نچۆن .؟

—دادگای فیدراڵی :-  بەپێی ماددەی
(93)ی دەستوری عێراق، ئەرکی دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لەچاودێریکردنی دەستوریبوونی یاساو پەیڕەوەبەرکارەکان‌و لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوورو یەکلاکردنەوەی ئەوپرسانەی لەجێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و بڕیارو پەیڕەوو رێنماییەکان و ئەو رێوشوێنانەی دێنەئاراوە، هەروەها یەکلاکردنەوەی ئەوناکۆکیانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی وحکومەتی هەرێم و پارێزگاو شارەوانی و ئیدارەخۆجێییەکان روودەدەن.

لەگەڵ یەکلاکردنەوەی ئەوناکۆکییانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکاندا دێنەئاراوەو یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆککۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکرێن‌و پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەگشتییەکان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران‌و یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا رێکنەخراوەکان لەچوارچێوەی هەرێمدا‌و یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دەستەی دادوەری هەرێمەکان،یان پارێزگارێکنەخراوەکان لەچوارچێوەی هەرێمدا. هاوکات دەستوری عێراق بەپێیماددەی (94) هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق پابەندوملکەچ دەکات بۆبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەمەش ئەوبڕیارانەی لەبارەی هەرێمی کوردستانداویەتی، دەبێت حکومەتی ھەرێم پێیەوە پابەندبێت، بەتایبەتی دواین بڕیاری دادگاکە، کەبریتیبوو لەنایاساییبوونی یاسای نەوت‌وگازی هەرێم‌و هەڵوەشانەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆو ئاشکراکردنی گرێبەستەنەوتییەکانی هەرێم‌و رادەستکردنی تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێم بەحکومەتی عێراقی و ھەڵوەشاندنەوەی بریاری درێژکردنەوەی نایاسایی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
بەڵام ئەم دەزگا گرنگ و باڵایە لەڕەخنەبەدەرنیە، ھەمیشە بریارەکانی ئەم دادگایە جێگای مشتومڕن.

دادگای فیدراڵی.. دادگایەکە دەبێت مشتومڕو تەمومژ نەھێڵێت، کەچی لەوەتەی درووستبووە خۆی بووەتەسەرچاوەی مشتومڕ.

هەندێک لایەن، شرۆڤەو بڕیارەکانی بەمایەی ئاشوب وەسفدەکەن و دەڵێن بووەتەهۆکاری ئاڵۆزیی وقوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان، بەپێچەوانەی ئەوەشەوە، بەشێک لەیاساناسان، دادگاکە بەگرنگترین دامەزراوەی دەستووریی لەعێراقدا ناو دەبەن و دەڵێن زۆرێک لەناکۆکییەیاسایی و دەستوورییەکانی چارەسەرکردووە، دەشڵێن دادگاکە پێشتر بەرەزامەندی هەموو ئەولایەنانە دروستکراوە، کە لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە بەشداری پرۆسەی سیاسییان کردووە.

بەڵام لەئێستادا ئەم دادگایە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت گوایە زیادەرەوی لەدەسەڵاتەکانیدادەکات، یاخود مەزھەبگەرایی زاڵەبەسەربریارەکانیەوە، یاخود زۆرجار بریارەکانی ئەوەندە سیاسیە بەقەد ئەوە یاسایی نیە.

—لیژنەی فتوای ھەرێم : - مێژوی دامەزراندنی لیژنەی فتوا لەھەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆساڵەكانی حەفتا، لەوكاتەدا كە مەلامستەفای بارزانی یەكێتی زانایانی دامەزراند، لەهەمانكاتیش لەناو ئەو یەكێتییە، لیژنەی فتوادامەزرا، كە لەكۆمەڵێ مامۆستای ئاینی ئەو كات پێكهاتبوو، دیارە ئەو كاتە كوردستان لەژێرهەڕەشەی حكومەتی بەعسدابوو، هەتاوەكوساڵی 1991 کە راپەڕینی كوردستان روویداو سەرلەنوێ لیژنەی فتوا دامەزرایەوە، كە بریتیە لەچەند مامۆستایەكی بەئەزموونی ناوداری كوردستان، كەهەریەكەیان شارەزایەكی تەواویان هەیە، لەهەر 12 زانستی مەلایەتی و لەهەمانكاتیش ئەزموونی كرداریان هەیە، كە وەکخۆیان دەڵێن بەدەیانكێشەهاتوەتەلایان وبەپێی شەرع چارەسەریانكردووە، زۆربەی زۆری ئەندامانی لێژنەی فتوا، مامۆستایانی موجیزنواتە ئەومامۆستایانەی بەدرێژای 50 ساڵ وانەیان بەفەقێیان وتوەتەوە لەئەنجامداگەیشتونەتە ئەوئاستەی ببنە ئەو مامۆستایەی کە بتوانن فتوای ئاینی بەناوی ھەرێمی کوردستانەوەبدەن.

بەڵام ئەم لیژنەی فتوایهش بێگلەیی وگازندەو رەخنەنەبووە، ھەرچەندەکارەکانیان بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی دینی و دنیاییە لەسەرشانیان وە لەسەر ھەرکارێکی ھەڵەیان خوای گەورە لێپرسینەوەیان لەتەکدادەکات، ئەوە لۆمەی خەڵکیش لەولاوەبووەستێ کە هەندێك لەخەڵكی دەڵێن لیژنەی فتوا لەسەرھەموو شتێك فتوادەدەن جگە لەشتەگرنگ و پێویستەکان نەبێ.

ھەربۆیە لەكاتی دەرچونی هەرفتوایەكی نوێ‌  سۆشیاڵمیدیا گەرمدەبێت لەرەخنە لەسەیروسەمەرەیی فتواكانیان. هەرچەندە لیژنەی فتوادەڵێن ھۆکاری خۆیانیان ھەیە بۆ دەرکردنی ئەو فەتوایانەو دەڵێن ھەر کاتێک پرسێک بوەدەنگۆی نێوخەڵک ئەوان ناچارن قسەیان ھەبێت و فەتوای لەبارەوەبدەن.

لەنمونەی ئەوفەتوا سەیروسەمەرانەی بونەتەجێگای ڕەخنەو مشتومڕی نێوخەڵک:
یەكەم: تەقاندنی تەرەقە لەلایەن منداڵان لەجەژن وبۆنەکاندا: ئەمە یەکێکبوو لەوفەتوایانەی کە بوە جێگارەخنەیەکی زۆرو کاتێک ھاتە نێو سۆشیالمیدیا خەڵکی وەکو جۆرێک لەگاڵتە دەیانبینی چونکە دروست لەوکاتەدا بەنزین بەڕێژەیەکی زۆربەرزببوەوەو داوایان دەکرد فەتوا دژی گرانی بەنزین و کەمی کارەبادەربکرێت، ھەر بۆیە ھەڵمەتێکی چڕی پێچەوانەو پڕلەتوانج لەتۆڕەکۆمەلایەتیەکانبە رێوەچوو .

دووەم: لابردنی مووی قولوقاچی کچان بەلەیزەر.!! کاتی دەرچوونی ئە مفەتوایە کاتێکی زۆر ھەستیاربوو بەتایبەت کەکاتی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی ھەرێم و دەستگیرکردنی سەدان گەنجی توڕەو نارازیبوو لەشارەکانی ھەرێم کەدژی نەبونی و بێکاری ڕژابونەسەر شەقام.
 
سێیەم: پەکەکە دۆخی ھەرێم گرژدەکات .!!  ئەم فتوایەش لەکاتێکدایە کە دوژمنانی کورد بەتایبەت تورکیای رەگەزپەرست بەشێوەی ھەڕەمەکی و کوێرانە تۆپبارانی کوردستان دەکات خەڵکی بێتاوان دەکوژێت و رەزوباخیان دەسوتێنێت بێئەوەی نقەیان لێوەبێت.!!

دەرەنجام : لەگەڵ ئەم ھەموو کەمووکوریانەیان کە باسمانلێوەکرد ھەردوودەزگای (دادگایفی دراڵی و لیژنەی فتوا ) ھەرجەندە وەک ھەر دەزگاو لیژانی ترکاری ئەرێنی و نەرێنی خۆیان ھەیە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا وەکومەرجەعێک ھێشتابوونیان باشترە لەنەبوونیان .