دەوڵەتی یاسا: هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە نەبوە

کوردستان

29/01/2024‌ 1007 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی ئاماژەی بەوەکردوە، بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی‌و هەرێم بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە هەرێمی کوردستان بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵیی جێبەجێنەکردوە، ده‌شڵێت:"لەڕێگه‌ی هەموارکردنەوەی بەشێک لەمادەکانی یاسای بودجە دەتوانرێت ئەو کێشە داراییانە لەگەڵ هەرێم چارەسەربکرێن".


جاسم موسەوی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا دەڵێت، "حکومەتی ناوەندیی بێ پابەندبونی هەرێم بەمادەکانی یاسای بودجە کە لەئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردراوە، ئامادەنییە پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات".

دەشڵێت، "هێزە سیاسییە نیشتیمانییەکان بەردەوامن لەجێبەجێکردنی بڕگە یاساییەکانی بودجە لەپێناو گەرەنتیکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکان".

ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا، “هەموو لایەنەکان پابەندن بەجێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەو ڕادەستکردنی داهاتە داراییەکان بەحکومەتی ناوەندیی بەمەبەستی دەستپێکردنی خەرجکردنی بودجە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “بەگوێره‌ى مادە یاساییەکانی بودجە، هەوڵەکانی هێزە کوردییەکان بۆ ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەبەرژەوەندی خۆیان سەرناگرێت".

جەختیشیکردۆتەوە، ئەگەربێت‌و هەموارکردنەوەی مادە یاساییەکانی بودجە بەگوێرەی چوارچێوە یاساییەکان ئەنجامنەدرێت، ئەوە مانای ناپاکییکردنە لەگەلی عێراق لەپێناو دەستکەوتی سیاسییدا.