حكومەتی هەرێم پلەی هەزاران ئەفسەری بەرزكردەوە، بەڵام داواكاری مامۆستایانی پشتگوێخست

کوردستان

01/02/2024‌ 391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پلەی زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە بەرزكرایەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە داواكاری مامۆستا بۆ بەرزكردنەوەی پلەكانیان پشتگوێخراوە، كە بەهۆیەوە ساڵێكی خوێندن لە فەوتان بەهۆی بایكۆتەوە نزیكبووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە ٤٣٩ لە ٢٠٢٣/١٢/٢٤ فەرمانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٤٣٤ لە ٢٠٢٤/١/٣١ بە واژووی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لە ۲٠٢٤/٢/١ پلەی  ٤٣٠٤ ئەفسەر لە خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ بەرزکرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوێک، وەزیری پێشمەرگە، پیرۆزبایی لە ئەفسەران دەکات و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازێت، هاوکات راشیدەگەێنێت: لەماوەی رابردوودا هەوڵەکانمان لەگەڵ تیمی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، وەک تێمێکی یەکگرتوو، بە بەرنامەیەکی دروست و سەرکەوتووانە کارمان کرد، لەسەر رێکخستنەوەی دۆسیەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران و گەڕانەوەی پلەکانیان لە وادەی ئاسایی و یاسایی خۆی. 

وەزیری پێشمەرگە، دڵنیایی دەداتە سەرجەم ئەفسەران و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە لەکارنامەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە ڕژدی کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی تەواوەتی و بەدامەزراوەییکردنی ئەرکی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەمەش داوا دەکات ئەفسەران و هێزی پێشمەرگە وەک هەمیشە لە خۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاکی کوردستان و گەلەکەمان بەردەوام بن و بە بەرزکردنەوەی پلەکانیان  ئەرکی بەڕێوەبردنی سەربازییانە و سەرکردایەتی هێزەکانیان چاکتر پیادە بکەن.

ماوەیەكی زۆرە بەرزكردنەوەی پلەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانی راوەستاوە، بەڵام پلە بەرزكردنەوەی هێزە ئەمنیی و سەربازییەكان بەردەوامە.

لەوەڵامی داواكاری مامۆستایان بۆ بەرزكردنەوەی پلەكانیان، وەزارەتی پەروەردە بەڵێنیداوە لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق داواكەیان جێبەجێبكرێت، بەڵام بەرزكردنەوەی پلەی هێزە سەربازییەكان لە قورسترین رەوشی داراییدا بەردەوامە.