ئەمریکا داوای تێچوی پاراستن‌و چاککردنەوەی فڕۆکەى F-35 لەتورکیا دەکات

جیهان

05/02/2024‌ 538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی  Aydınlıkی تورکی بڵاویکردۆتەوە، واشنتۆن داوای لەئەنكەرە کردوە تێچوی پاراستن‌و نۆژەنکردنەوەی ئەو فڕۆکە جەنگیانەی جۆری ئێف 35ی ئەمریکی بدات کە دوای کڕینی سیستەمی موشەکی دژە ئاسمانیی ئێس 400ی ڕوسی، ڕادەستی تورکیا نەکران.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی سەباحی تورکی کردوە کە بەگوێره‌ى ئەوە، لەکۆتایی ساڵی 2022وە ئەمریکا داوای لەتورکیا کردوە خەرجی پاراستن‌و نۆژەنکردنەوەی ئەو فڕۆکە ئێف 35انەو پارەی زیادە بدات کە پێشەکی لەلایەن تورکیاوە پارەکەیان دراوە، بەڵام هێشتا ڕادەستی ئەو وڵاتە نەکراون.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، زنجیرەی دابینکردنی فڕۆکەکە بەهۆی دورخستنەوەی کۆمپانیا تورکییەکان لەبەشداریکردن لەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکەدا ڕوبەڕوی پشێویی‌و زیادبونی خەرجی بەرهەمهێنان بۆتەوە.

پێشتر ڤیکتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسیی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک ڕایگەیاندبوو، واشنتۆن ئامادەیە ئەنكەرە بگەڕێنێتەوە بۆ بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف 35، ئەگەربێت‌و بتوانرێت کێشەی سیستەمی موشەکیی دژە فڕۆکەی ئێس 400ی ڕوسی چارەسەربکرێت کە ئەنکەرە لەمۆسکۆی کڕیوە.

تورکیا دوای کڕینی موشەکی ئێس 400 له‌ڕوسیاـ، لەساڵی 2019 لەبەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف 35 دورخرایەوە، لەوکاتەدا تورکیا هەندێک پێکهاتەو توخمەکانی بۆدی فڕۆکەکەو هەندێک سیستەمی بۆ ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە بەرهەمهێنا.