ڕۆژنامەی تایمز: له‌بەریتانیاوه‌ هاوکاریی ئێرانی کراوه‌ بۆ خۆدزینەوە لەگەمارۆکان

جیهان

12/02/2024‌ 981 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، کە بانکی ستاندارد چارتەری بەریتانی، لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2021، خزمەتگوزاریی بانکیی پێشکەش بەکۆمپانیایەکی ساختەی چینی کردوە کە کارەکەی هاوردەکردنی بەرهەمی کۆمپانیاکانی “ئاراک”و “بەندەر ئیمام”ی ئێرانی بوە، کە کەوتونەتە ژێر سزاکانەوە.


ڕۆژنامەكه‌ بەپشتبەستن بەداتاکانی مامەڵەی بانکیی ئاشکرایکردوە، بانکی ستاندارد چارتەرد لەڕێگەی نێوەندگیرێکەوە خزمەتگوزاریی پێشکەش بەدوو کۆمپانیای نەوتیی ئێرانی کردوە کە لەلیستی سزاکانی ئەمریکادا هاتون.

هەروەک ڕۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)ی بەریتانیش، لە 5ی شوباتدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو تیایدا باسی لەوەکردبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپاڵپشتیی دەزگای هەواڵگریی، بانکی ستاندەرو لۆیدز، کە دوو بانکی گەورەن‌و بنکەکەیان لەبەریتانیایە، بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی پارەو خۆدزینەوە لەسزاکان.

ئەو دوو بانکە هەژماریان بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان دابینکردوە کە بەنهێنیی خاوەندارێتیی کۆمپانیای بازرگانیی پترۆکیمیایی ئێران (PCC) بوە، کە یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە کەوتۆتە ژێر سزاکانی ئەمریکا.

ڕاپۆرتی تایمزی بەریتانی دەریخستوە، بانکی ستاندارد چارتەرد کە بەشێوەیەکی سەرەکیی لەئاسیاو ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات، لەڕێگەی ناوەندەکانی هیندستانەوە بەبەهای یەک ملیۆن‌و 200هەزار پاوەند کارئاسانیی بۆ مامەڵەی نێوان کۆمپانیایەکی چینی‌و کۆمپانیا ئێرانییەکان کردوە.

بانکی ستاندارد چارتەرد لەلێدوانێکدا لەسەر ئەم بابەتە ڕایگەیاند، ناتوانێت لێدوان لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ بریکارەکانی بدات، بەڵام پابەندبونی خۆی بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانە داراییەکان‌و پەیڕەوکردنی بەرزترین ستانداردەکان لەم بوارەدا دوپاتکردەوە، لەوانەش قەدەغەکردنی مامەڵە لەگەڵ ئێران.

جگە لەوەش وتەبێژی بانکی ستاندەرو لۆیدز ڕەتیانکردەوە سزاکانی ئەمریکا پێشێل بکەن.

بەڵگەنامەکان کە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بەپشتبەستن بەویکی ئێران کە گروپێکی لایەنگری دیموکراسیی ئێرانییە دزەیپێکردوە، دەریدەخات کە لقی بەریتانیای کۆمپانیای بازرگانیی پترۆکیمیای ئێرانی بەنهێنیی لەدەرەوەی ئۆفیسێک لەناوەڕاستی لەندەن بەردەوام بوە.

باسی لەوەشکردوە، لقی بەریتانی کۆمپانیای بازرگانیی پترۆکیمیایی ئێران بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانی تۆڕێکی کۆمپانیاکانی کە بنکەکانیان لەبەریتانیاو وڵاتانی دیکەی بەکارهێنا.

بەگوێره‌ى ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، ئەو کۆمپانیایە بازرگانییە پترۆکیمیاییە، کۆمپانیاکانی بەریتانیای بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی پارە لەدامودەزگاکانی ئێران لەچین‌و خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی خۆی لەگرێبەستەکاندا شاردۆتەوە.

ڕۆژنامەی تایمز لە 6ی شوباتدا، لەڕاپۆرتێکدا کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، بڵاویکردەوە، گروپی بانکی هۆنگ کۆنگ‌و شەنگەهای بەریتانی (HSBC) خزمەتگوزاریی بانکیی پێشکەش بەکۆمپانیایەک کردوە کە پێدەچێت لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکەی ئێرانیدا کاربکات.

وتەبێژی HSBC ڕایگەیاند، پابەندن بەپابەندبون بەهەموو بڕیارو ڕێساکانی سزاکان لەو دەسەڵاتانەی کە تێیدا کاردەکەن.

ئەلیسیا کەیرنز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەپەرلەمانی بەریتانیا، نیگەرانیی خۆی لەبونی دامودەزگاکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەبەریتانیا دەربڕیوەو داوایکردوە کە ڕێوشوێنی زیاتر لەو ئاراستەیە بگیرێتەبەر.

هەروەها لەساڵی 2019بانکی ستاندارد چارتەرد گەمارۆکانی ئەمریکای لەدژی ئێران پێشێلکردو دواتر زیاتر لەیەک ملیار دۆلار غەرامە کرا.

بەپەلە