بافڵ تاڵەبانی: نەوەیەکی نوێ لە موسڵمان دروستدەبێت کە بوونی ئەمریکا قبوڵ ناکات

کوردستان

04/03/2024‌ 2132 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری ڕافدەین ڕایگەیاند، ئەو کارانەی ئەمریکا لە ناوچەکە دەیکات، وادەکات نەوەیەك لە موسڵمان دروست ببێت کە بوونی ئەمریکا لەم ناوچەیە قبووڵ ناکات.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی غەززە قسەیکرد و وتی، پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل ڕابگەیەنرێت.

سەرۆکی یەکێتی باسی لەوەشکرد، "ئێمە لە عێراق هەژموونی ئێرانی و تورکی و ئەمریکیمان ناوێت، بۆیە دەبێت ئەمریکاش لە دۆخی ئێستای عێراق تێبگات".

سەرۆکی یەکێتی وتیشی:"تورکیا نابێت وەك دوژمن مامەڵەمان لەگەڵ بکات، ئەوان سێ هاوڕێی منیان لەڕێگەی درۆنەوە شەهید کرد، یەکێتی پاشەکشە ناکات و سازیش پێشکەش ناکات".

بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەشکردەوە "هاوکاری و پشتیوانى هیچ گروپێکى چەکدارى ناکەین دژ بە تورکیا".

دەربارەی هەڵبژاردنیش لە هەرێمی کوردستان وتی "ساڵانى ڕابردوو هەڵبژاردنى نادادپەروەرانە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە".