مه‌سرور بارزانى له‌باره‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ‌

کوردستان

05/03/2024‌ 5388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەساڵیادى ڕاپەڕیندا، مەسرور بارزانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پێویستە هەمیشە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان بپارێزین"، ده‌شڵێت:"بەدڵنیاییشەوە سەروەریی هەمومان بەندە بەبونی كوردستانەوە".


له‌په‌یامێكدا له‌ساڵیادى 33 ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕیندا، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم دەڵێت، "ئەمڕۆ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگەو پێویستە هەموو لایەن‌و پێکهاتەو هەر تاکێکی کوردستانی، بەیەکڕیزیی‌و یەکدەنگی، داکۆکی لەدەستکەوتە نیشتمانییەکان‌و مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بکەن".
 
دەشڵێت، "پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم‌و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین‌و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەو ئاشتیخوازیی‌و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین‌و گەشەیان پێبدەین، بەدڵنیاییشەوە سەروەریی هەمومان بەندە بەبونی كوردستانەوە".
 
مه‌سرور بارزانى له‌په‌یامه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى:"با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانیی قەوارەی دەستوریی هەرێم‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بەباشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات‌و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لەگرنگترین ڕوداوە بەرهەمدارەكانی مێژوی كوردستان‌و شانازییەكی گەورەو سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزیی‌و یەکگرتویی سەرجەم چین‌و توێژو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان‌و هێزو لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی یەكجارەكیی ستەم‌و داگیرکاریی‌و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەشی دروستبونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێم‌و دامەزراوە شەرعی‌و دەستورییەکانی هەرێم بوو".

بەپەلە