شارپرێس-كەنداڵ جودی:
دوای ئەوەی ڕژێمی سوریا و ئێران و ڕووسیا كانتۆنی شەهبایان گەمارۆدا، ئێستا یونسێف ئاوی خواردنەوەی لە زیاتر لە 150 هەزار كۆچبەر بڕیوە. ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، كارەساتێكی مرۆیی ڕوودەدات.
هاوكات لەگەڵ گەمارۆدانی كانتۆنی شەهبا و تۆپبارانە بەردەوامەكانی دەوڵەتی توركیا، یونیسێف ئاوی خواردنەوەی لە ئاوارەكانی عەفرین و خەڵكی شەهبا بڕیوە.
كانتۆنی شەهبا دەكەوێتە باكووری شاری حەلەب و ڕۆژهەڵاتی شاری عەفرین. لە ناوەندی تل رەفەت و گوندەكانی پێكهاتووە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە شوێنی گرتنەخۆی هەزاران كۆچبەری خەڵكی ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانە دوای داگیركرانی ناوچەكەیان لەلایەن توركیاو و میلیشیاكانیەوە.
بەشێك لە خەڵكی عەفرین لە ماڵەكاندا نیشتەجێ بوون و بەشێكی زۆریان، ئیدارەی خۆسەر كەمپی بۆ كردنەوە. لەو چوارچێوەیەدا ٥ كەمپ كرانەوە و ئێستاش یونسێف ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین ناكات.
وتەبێژی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا ئیبراهیم شێخۆ بۆ دەزگای میدیایی شارپرێس دەڵێت "ئێستا دوای ئەوەی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورك و گروپە تیرۆریستییەكانییەوە داگیركرا، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار كەسی عەفرین ناچاربوون عەفرین بەجێبهێڵن و بچنە كانتۆنی شەهبای باكووری حەلەب. لەو كاتەدا یونسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاوی خواردنەوەی بەسەر تەواوی كانتۆنی شەهبادا دابەش دەكرد كە لە ٥ قەزا و ٥ كەمپ و ٣٨ گوند پێكهاتووە. ئاوی ڕۆژانە كە بەسەر شەهبادا دابەش دەكرا ٢٤٠٠ م٣ بووە. بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2020 و تا ساڵی 2021 یونسێف ئاوی گوند و قەزاكانی بڕی، تەنها ئاوی بەسەر كەمپەكاندا دابەشكرد و دواتر دووبارە بەسەر گوند و قەزاكاندا دابەشكرایەوە".
هەروەها شێخۆ دەڵێت "لە مانگی ئابی 2023 یونسێف جارێكی تر ئاوی قەزا و گوندەكانی بڕی و تەنها بەسەر 5 كەمپدا دابەشی كرد. بەڵام لە 15ی شوباتی 2024ەوە یونسێف ئاوی خواردنەوەی لە 5 كەمپ بڕیوە و بەم شێوەیەش لە 14ی شوباتەوە تەواوی كانتۆنی شەهبا بێ ئاوە. لەم كاتەدا ئیدارەی كەمپەكان و شارەوانییەكان ئاوی بیرەكان بەسەر خەڵكدا دابەش دەكەن، بەڵام ئەم ئاوە پاك نییە و زیانێكی زۆری پێدەگەیەنێت".
لەبارەی هۆكاری بڕینی ئاو لەلایەن یونسێفەوە شێخۆ گوتی: ئێمە هۆكاری بڕینی ئاوەكە نازانین و هیچمان لەسەر ئەم بابەتە نەگوتووە. هەرچەندە ئێمە زۆر جار تەلەفۆنیان بۆ دەكەین، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نییە.
دەشڵێت "ئێستا لە مانگی ئادارداین و هێشتا كەش و هەوا ساردە و خەڵك ئاوی زۆر بەكارناهێنن. ئیدارەی كەمپەكان لە ئێستادا دەتوانن ئاوی خواردنەوە دابین بكەن، بەڵام ئەگەر لە هاویندا دۆخەكە بەردەوام بێت، پێویستی بە ئاو زیاتر دەبێت و بەڕێوەبردنی كەمپەكان توانای دابینكردنی ئاویان نابێت. لە ئەنجامدا نەخۆشی زۆر لە نێو منداڵاندا دروست دەبێت، لە كاتێكدا حكوومەتی دیمەشق بە هاوكاری ڕووسیا و ئێران گەمارۆی قورسی بەسەر شەهبادا سەپاند و ڕێگە نادەن پێداویستییەكانی ژیان بچێتە ناوچەكە، لە هەمان كاتدا ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ناتوانن بچنە ناوچەكە".
هەروەها ئیبراهیم شێخۆ داوای كرد: جارێكی تر ئاو لە لایەن یونسێفەوە بەسەر ئاوارەكانی عەفرین و خەڵكی ڕاستەقینەی شەهبادا دابەش بكرێت. بەو پێیەی ئەو چارەسەرانەی ئێستا كە ئیدارەی كەمپەكان و شارەوانی بۆ دابەشكردنی ئاو بەكاریدەهێنن بەس نین، دەبێت چارەسەری باشتر دابین بكرێت. بە واتایەكی تر ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، قەیرانێكی مرۆیی ڕوودەدات كە ژیانی زیاتر لە ١٥٠ هەزار كەس دەخاتە مەترسییەوە.
داواشی لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، یونسێف كرد، هەنگاو بنێن لەگەڵ ڕۆڵی ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی كۆچبەران.