کاریگەرییە لاوەکییەکانی حەبی پاراسیتامۆڵ لەسەر جگەر چیین؟

تەندروستی

08/03/2024‌ 1055 جار خوێندراوه‌ته‌وه



پاراسیتامۆڵ یەکێکە لە ئازارشکێنە باوەکان، بۆیە توێژینەوەیەکی نوێ ڕۆشنایی خستۆتە سەر کاریگەرییە لاوەکییە مەترسیدارەکانی پاراسیتامۆڵ لەسەر جگەر.

لێکۆڵینەوەیەکی توێژەرانی زانکۆی ئەدینبۆرگ دەریخستووە کە پاراسیتامۆڵ دەتوانێت کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر جگەر هەبێت و کاریگەریەکەی بەڕادەیەک زیاد دەکات کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی جگەر.

زاناکان کاریگەریی خواردنی پاراسیتامۆڵیان لەسەر خانەکانی جگەر لە مرۆڤ و مشکدا تاقیکردۆتەوە، پشکنینەکانیش دەریانخستووە کە پاراسیتامۆڵ دەتوانێت زیان بە جگەر بگەیەنێت بەهۆی تێکدانی پەیوەندییە پێکهاتەییە گرنگەکانی نێوان خانەکانی تەنیشت جگەر.

لە ساڵی 2006 توێژینەوەیەکی دیکە باسی لەوە کردووە کە زیادەڕۆیی لە ژەمی پاراسیتامۆڵ بەبێ مەبەست باوترین هۆکاری لەکارکەوتنی توندی جگەر بووە لە بەریتانیا و ئەمریکا.

بەپێی وتەی دکتۆر ڤیبهو پاریک، پزیشکی ڕاوێژکاری گەدە و ڕیخۆڵە لە نەخۆشخانەی ماینگۆ ئاسیا گوروگرام، پاراسیتامۆڵ دەتوانێت مەترسیی لەسەر تەندرووستیی جگەر دروست بکات کاتێک بە برێکی زۆر یان بۆ ماوەیەکی زۆر بخورێت. 

دکتۆر پاریک پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە 8 حەب زیاتر نەخورێت. شارەزایان داوای ئاگاداری نیشانەکانی وەک سکچوون، ئازاری سک، زەردوویی و لە حاڵەتە توندەکاندا، لەکارکەوتنی جگەر، لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە خواردنی پاراسیتامۆڵ بین.

بەگوێرەی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیندیا کە لە دوکتۆر پاریکییەوە گواستۆتەوە، بەکارهێنانی درێژخایەنی پاراسیتامۆڵ دەبێتە هۆی ماندوێتیی و هەناسە تەنگی و شینبوونەوەی پەنجە و لێوەکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی