چی پەیوەندییەک لەنێوان هاوسەرگیریی‌و بەختەوەربوندا هەیە؟

هەمەڕەنگ

16/03/2024‌ 283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بانگەشەی ئەوەدەکات کە هاوسەرگیریی تاکەکان بەختەوەرترو تەندروستتر ناکات لەچاو ئەوکەسانەی سینگڵن‌و نایانەوێت بچنە ناو "قەفەزی زێڕین"ەوە.


تیمی لێکۆڵینەوەکە لەزانکۆی کالیفۆرنیا بەراوردێکیان کردوە لەنێوان تەندروستیی جەستەیی‌و دەرونیی ئەوکەسانەی هاوسەرگیریان کردوەو ئەوانەی ڕەتیدەکەنەوە هاوسەرگیریی بکەن، لەئەنجامدا توێژەران "بەڵگەیەکی کەم"یان دۆزیوەتەوە کە هاوسەرگیریی لەسەر ئاستی دورمەودا باشتربون‌و ئاسودەبونی لێبکەوێتەوە.

د.بێلا دیپاولۆ کە سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکەی کردوە، ئەنجامە نوێکانی لەکتێبەکەیدا بەناوی سینگڵ لەدڵەوە: هێزو ئازادیی‌و دڵخۆشیی پڕکەرەوەی دڵی ژیانی تاقانە، بڵاوکردۆتەوە.

ئەو لەکتێبەکەیدا تیشکی خستۆتەسەر توێژینەوەیەک کە لەساڵی 2016 بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتوە، "میدیاکان‌و تەنانەت گۆڤارە زانستییەکانیش پڕن لەبانگەشەی ئەوەی کە هاوسەرگیریی بۆ تەندروستیی‌و خۆشگوزەرانیی باشە."

بەڵام پێداچونەوەی ورد بەتوێژینەوەکە، بەلەبەرچاوگرتنی لایەنگرییە میتۆدۆلۆژییەکان، دەریدەخات کە ئەمجۆرە بانگەشانە زۆرجار دۆزینەوەکانی توێژینەوەکە دەشێوێنن یان زیادەڕەویی تێدادەکەن.

دیپاولۆ دەڵێت:"نمونەی توێژینەوەکان لەسەر خۆکوشتن، خەمۆکیی، تەنهایی، تەندروستیی جەستەیی‌و بەختەوەریی پێداچونەوەیان بۆکراوە، لەتوێژینەوە کورتخایەنەکاندا دەرکەوتوە کە کەسانی سینگڵ بەشێوەیەکی گشتیی دەرئەنجامەکانیان زۆر هاوشێوەی ئەوانەن کە ئێستا هاوسەرگیریان کردوە."

ئەو دەشڵێت:"بەڵام لەتوێژینەوە درێژخایەنەکاندا، بەڵگەی کەم هەیە کە هاوسەرگیریی دەبێتە هۆی باشتربونی بەردەوامیی تەندروستیی یان خۆشگوزەرانیی".

توێژینەوەکە لەئینسایکلۆپیدیای تەندروستیی دەرونییدا بڵاوکراوەتەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی