بەغدا سازشێکی گەورەی بۆ تورکیا کرد

کوردستان

20/03/2024‌ 2808 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 بەغدا قەدەغەکردنی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو خاکەکەیدا ئاشكرا دەكات و ئەوەش بە سازشێكی گەورەی عێراق وەسف دەكات، بەڵام بە دووری دەزانێت هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر شوێنەکانی پارتەکە لە هاوینی ئایندەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیای بەریتانی، “حکومەتی عێراق پێش سەردانی چاوەڕوانکراوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق لە مانگی نیسانی داهاتوودا، پارتی کرێکارانی کوردستانی قەدەغەکرد، هەرچەندە قەدەغەکردنەکە نەچووە پۆلێنکردنی پارتەكە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بەڵام ڕەنگە عێراق هیوای ئەوە بخوازێت کە تورکیا لە پرسە سەرەکییەکانی وەک بازرگانی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا قەرەبووی بكاتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە كراوە بە ئەرکی شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، كە لە 14ی ئاداردا سەردانی عێراقی کرد، باڵیۆزخانەی عێراقیش لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، هاوکاری لە بوارە سەربازی و ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لوتکەی كارنامەی سەردانەکەدا بووە.

  فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری تورکیا، ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەنقەرە “پێشوازی لەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو بزانێت، هەروەها ئەو دوو لایەنە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو حزبە  هەڕەشەیەکی ئەمنی دەکات بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق و دڵنیایە کە بوونی “ڕێکخراوەکە لەسەر خاکی عێراق دەبێتەهۆی پێشێلکردنی دەستووری عێراق”.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "تورکیا فشاری دەخستە سەر عێراق بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکات، بەڵام وا دیارە عێراق نەگەیشتبێتە بەربەستی ئەو پۆلێنکردنە".

 هەر دوولا باسیان لە سەردانی پێشنیارکراوی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق لە مانگی نیسانی داهاتوو و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ ئاسانکاری بۆ "چوارچێوەی ستراتیژی بۆ پەیوەندییەکان" کرد.