ئێران‌و تورکیا لەبارەی هێرشی تورکیا بۆسەر پەکەکە لەعێراق تێڕوانینی جیاوازیان هەیە

کوردستان

24/03/2024‌ 2006 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی نەزاڤیسیمایا گازێتای ڕوسیی بابەتێکی لەژێر ناوی "سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق بریتییە لەهەوڵدان بۆ زانینی ڕادەی نفوزی تاران لەبەغدا" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە، هەرچەندە تورکیا بونی پەکەکە لەسەر خاکی عێراق بەهەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییەکەی دەزانێت، بەڵام ئێران گرژکردنی دۆخەکە دژ بەپەکەکە لەناو خاکی عێراق دیدگاو تێڕوانینی خۆی هەیە.


ڕۆژنامەکە لەبەشێکی ڕاپۆرتەكه‌یدا دەڵێت:"تورکیا دژی بەشداریی ئێران نییە لەگفتوگۆکانی تایبەت بەپرسەکانی پەیوەست بەعێراق، ئەمە لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا باسی لێوەکرا، کە بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجامبدرێت".

سەردانەکەى فیدان‌و دواتریش ئه‌ردۆغان، نەک تەنها لەسەر فراوانکردنی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان دژ بەچەکدارانی پەکەکە، بەڵکو هاوکاریی ئابوریی نێوان هەردوو دراوسێ لەپڕۆژە هەرێمایەتییەکاندا لەخۆدەگرێت.

ئەنتۆن مەرداسۆڤ پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە“نەزاڤیسیمەیا گەزێتا”ی ڕاگەیاندوە:“چڕکردنەوەی دیپلۆماسیەتی تورکیا بەئاراستەی عێراق، لەوانەش گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی “ڕێگه‌ی گەشەپێدان”ی ئابوریی، کە سەبارەت بەجێبەجێکردنی گومانی جددی هەیە، یەک ئامانجی هەیە: خۆئامادەکردن بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لەعێراق، کە تەنها لەهێرشی ئاسمانیی‌و هێرشەکانی هێزی تایبەتدا سنوردار نابێت،  وادیارە تورکیا بڕیاریداوە کە ئەو دۆخەی لەبارەی بۆی هاتۆتە پێشەوە بیقۆزێتەوە.

بەوتەی مەرداسۆڤ، دوای گۆڕینی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق، عێراق پێگەی خۆی وەک سەکۆیەکی دانوستانی ناوچەیی لەدەستداوەو نزیکەی هەموو وڵاتانی کەنداو هاوکارییەکانیان لەگەڵیدا ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی تاران‌و هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەم دۆخەشدا ئەنکەرە کاتی یارییەکە بەباشی بەکاردەهێنێت.

ئەوەش هاتوە:"ئەوەی ڕونە کە تورکیا هەوڵدەدات لەگەڵ ئێران لەبارەی پەکەکە بگاتە سازان، بەوپێیەی تورکیا هەرچەندە پەکەکە بە مەترسیی دەزانێت، بەڵام پەیوەندیشی لەگەڵیدا هەیە کە پەیوەستە بەدۆخی سوریاوە، پەکەکەش لەساڵی ڕابردوەوە پێگەی خۆی لەسلێمانیی بەهێزکردوە کە بەڕەزامەندیی یەکێتییە، ڕەنگە لەگەڵ تارانیش بگەنە جۆرێک لەسازان، بەڵام تاران دیدگاو تێڕوانینی خۆی هەیە بۆ پەرەسەندنی دۆخەکە، بەوپێیەی پارتی کرێکارانی کوردستان ئێستا لەچیای قەندی هاتۆتە دیوی ئێرانیشەوە".