وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

26/03/2024‌ 542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، لەسەر هەوڵەكانیان بۆ دوبارە  هەنارده‌كردنه‌وه‌ى نەوتی هەرێم بەردەوامن، ده‌شڵێت، "سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردوە".


بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جیهان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ده‌ڵێت:"حکومەتی هەرێم لەمانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم ڕێکكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستیپێنەکردوەتەوەو بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆزكراوە".

وەزارەتەکە نوسیویه‌تى، "پیشەسازیی نەوتی هەرێم لەڕێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی‌و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لەبودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لەیاسای بودجەدا بەهاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژماركراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لەبودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچونی ڕاستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەهەرێم ناگونجێت".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "حکومەتی هەرێم لەسۆنگەی نییەتپاکی‌و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان؛ بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تائێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتوە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە".

ئاماژە بەوەشدراوە، "نەوتی هەرێم تەنها لە(10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراق پێکدەهێناو داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لەشایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لەبودجەی گشتیی وڵات بوو، هەر لەدوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستوەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتوە، لەکاتێکدا ئەوکات بەپارەی نەوتەوە مانگانە موچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا".

له‌كۆتایى ڕاگەیەندراوەکەدا باس له‌وه‌شكراوه‌، "بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەو گەیشتن بەڕێككەوتنێك مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان  بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردوە، بۆ ئەم مەبەستەش  هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ‌و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم".