شارپرێس:
سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی ڕایگه‌یاند، لەمیانەی ڕوپێوکردنی گوندەکانی ناو سنوری شارەوانییه‌كه‌یان، بۆ ئامادەکردنی نەخشەی وردکاریی، لەماوەیەکی پێوانەییدا نەخشەی وردکارییان بۆ دەیان گوند ئامادەکردوە بۆ ئه‌وه‌ی تاپۆبكرێن.
شاره‌وانیی سلێمانی له‌ڕاگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێت، "لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ لەئەندازیارانی تەلارسازیی شاره‌وانییه‌وه کاری دیزاینی گونده‌كان ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی بەزوترینکات ڕێکارەکانی تاپۆکردنی بۆ ئەنجامبدرێت".
شاره‌وانى ده‌ڵێت:"دوێنێ نەخشەی نۆ گوند بەدیزاینکردنەوە کۆتاییهات‌و دەستبەجێ ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی‌و پارێزگای سلێمانی کراون بۆ جێبەجێکردن".
هه‌ر له‌و ڕاگه‌یاندراوه‌ی شاره‌وانی سلێمانیدا دیلمان له‌تیف سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانوە زیادەڕۆکان ڕایگەیاندوه، تاپۆکردنی ژماره‌یه‌ك گوند له‌هەفتەی داهاتوەوە دەکەونه بواری جێبەجێکردنەوە، گونده‌كانیش ئه‌مانه‌ن: خاک، دابان، عەزیزئاوا، کانی سەفەر، ڕازیانەی کانی شینکە.
شاره‌وانیی سلێمانی چه‌ند ڕونكردنه‌وه‌و ڕێنمایی دیكه‌ی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته ڕاگه‌یاندوه‌و ده‌ڵێن، ئەوكه‌سانه‌ی لەماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکەش بەپارێزگای سلێمانی کردوە، با (کارتی نیشتمانی) یان (ڕەگەزنامەو پێناس)ی خۆیان‌و هاوسەریان لەماڵەوە كۆپی بكه‌ن‌و ئامادەبکەن‌و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەکییەکانی شاره‌وانی بکەن.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەگەر ئه‌وكه‌سانه ژمارە مۆبایلەكانیان گۆڕیوە، کە کاتی خۆی لەسەر داواکارییەکە نوسیوتانە، ئەوا سەردانی لیژنەی لاوەکی سەر بەشارەوانییەکەتان بکەن بۆ دانانی ژمارەی نوێی مۆبایلەکەتان.
له‌باره‌ى ورده‌كاریى بڕیاره‌كه‌ش ئاماژه به‌وه‌كراوه، “زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خانوانە بەڕێژەی 5%ی بەهای زەویی ژێر خانوەکە تاپۆ دەکرێت، واتە ئێمە بەهای بینای خانوەکە هەژمارناکەین”.
به‌گوێره‌ی ڕونكردنه‌وه‌ی شاره‌وانیی سلێمانی، یەکێک لەمەرجەکانی تاپۆکردن ئەوەیە، داواکار خاوەنی بینای خانوەکە بێت، بۆیە ئەگەر کەسێک لەپاش داواکاریکردن خانوەکەی فرۆشتبێ‌و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکانیاندا کڕیارەکە لەخانوەکەدا بێت ئەوا تاپۆکردنی خانوەکە ڕەتدەکرێتەوە، بۆیە داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، مامەڵە بەو خانوانەوە نەکەن تا تاپۆ دەکرێن.