شارپرێس واده‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى دوو ئاشكراده‌كات

کوردستان

27/03/2024‌ 13797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکۆبونەوەی ئه‌مڕۆى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، بڕیاردرا موچەی مانگی شوبات (مانگى 2) دابه‌شبكرێت‌و شارپرێس چه‌ند زانیارییه‌كى دیكه‌ له‌باره‌ى واده‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى دوو و ژماره‌یه‌ك بڕیارى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى حكومه‌ته‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوه‌وه‌و چەند بابەتێک گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كرا، تەوەرى سەرەکى کۆبونەوەکە باسکردن بوه‌ لەموچەى فەرمانبەرانى هەرێم.

بەگوێرەى کارنامەى کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، وەزیرى دارایی هەرێم ڕاپۆرتێک لەبارەى دۆخى دارایی‌و ئامادەکاریى بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران پێشکەشكردوه‌.

شارپرێس زانیاریى ده‌ستكه‌وتوه‌، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوه‌ دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی شوبات (مانگى دوو) بکرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادارى كۆبونه‌وه‌كانى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌شارپرێسى وت، "به‌كۆى ده‌نگ بڕیاردراوه‌ ڕۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو 30ى 3ى 2024، موچه‌ى مانگى شوبات واته‌ (مانگى دوو) دابه‌شبكرێت".

هاوكات ئه‌وه‌ش زانراوه‌، حکومەتی هه‌رێم لیستی موچەی مانگی سێی بۆ بەغدا ناردوەو لەگەڵ گەیشتنی پارە، دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئاداریش دەکات و لەكۆبونەوەكەشدا بڕیاری داشكاندنی قەرزەكانیش دراوه كه‌ ماوه‌كه‌یان درێژبكرێته‌وه‌ هه‌ر له‌قه‌رزى ئاو تا قه‌رزى كاره‌با.

شارپرێس زانیاریى ئه‌وه‌شى پێدراوه‌، له‌كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى حکومەتى هه‌رێمدا بڕیاردراوه‌ بەدابه‌شكردنه‌وه‌ى زه‌وى له‌لایه‌ن حكومه‌ت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە سودمەندنەبون، ئه‌ویش به‌گوێره‌ى یاساو ڕێنماییەکان.

ئێوارەى دوێنێ لەمیانەى بەشداریکردنى لەئێوارە بەربانگێک، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، "لەکۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بڕیارێک دەدەن لەبەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دەبێت".

ماوەى 54 ڕۆژە موچەى فەرمانبەران دابەشنەکراوەو لەکۆبونەوەى ڕۆژى 13ى ئاداردا ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بریاریدا تائه‌وكاته‌ى بەغدا موچەى کارمەندانى سەربازیى‌و ئەمنى ڕه‌وانه‌ نه‌كات، موچەى مانگى دوو دابەشناکرێت.