کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن وادەی وەرگرتنی لیستی كاندیداكانى درێژکردەوە

کوردستان

28/03/2024‌ 1962 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد، وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیداكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 31ی ئه‌م مانگه‌ درێژکراوه‌ته‌وه‌.


جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد، ئەنجومەنی باڵای کۆمسیاران بڕیایدا بەدرێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ڕۆژی، یەکشەممە، 31ی ئاداری 2024.

غەلای وتیشى:"تاوەکو ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، پارتی‌و یەکێتی لیستی کاندیداكانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردبوو، 12 کاندیدی سەربەخۆ لەهەولێر، 20 لەسلێمانی‌و 13 لەدهۆک ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمارکردوە".

وتەبێژی کۆمسیۆن دوپاتیکردەوە، "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، لەماوەی ڕابردوشدا کاری زۆرباشی لەنوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی ناوی حزب‌و هاوپەیمانێتییەکان‌و کاندیدانی سەربەخۆو حزب‌و هاوپەیمانێتییەکان کردوە".

ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌، "تائێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمسیۆن نەکراوەو پابەندن لەئەنجامدانی وادەی هەڵبژاردنەکە لەمانگی حوزەیرانی ئه‌مساڵدا".

لەهەرێمی کوردستان سێ ملیۆن‌و 789 هەزارو 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن‌و 783 هەزارو 552 کەس کارتی دەنگدانیان نوێکردوەتەوە بەمەش زیاتر لەیەک ملیۆن دەنگدەر کە دەکاتە ڕێژەی 26%ی کۆی ڕێژەی دەنگدەران کارتی بایۆمەتریان نوێنەکردوەتەوە.

به‌گوێره‌ى بڕیاره‌كانى كۆمسیۆن، دوای 24 کاتژمێر لەدەنگدان، ئەنجامی بەرایی ڕادەگەیه‌ندرێت لەسەر ئاستی پارت‌و كاندیده‌كان‌و لەماڵپەری کۆمسیۆن بڵاودەکرێتەوە، دوای 72 کاتژمێریش ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی وێستگەکان ڕادەگەیه‌ندرێت‌و لەماڵپەری کۆمسیۆن بڵاودەکرێتەوە، هەروەها دوای حه‌وت ڕۆژیش ئۆفیسی پارێزگاکانی هەرێم دەبێت وێنەو ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی کارتی دەنگدان بدەن.