یەکێتی ناوی کاندیدەکانی ئاشکراناکات تا پارتی ناوەکان ڕادەستی کۆمسیۆن نەکات

کوردستان

28/03/2024‌ 3727 جار خوێندراوه‌ته‌وه


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو کردووە، بەڵام ئامادە نییە ناوەکان ڕادەستی کۆمسیۆن بکات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی شارپرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتووە، یەکێتی ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردوەتەوە، بەڵام بەهۆی درێژکردنەوەی وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان لەلایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە، یەکێتی بڕیاریداوە جارێ ناوەکان پێشکەشی کۆمسیۆن نەکات.

سەرچاوەکەی یەکێتی وتیشی، یەکێتی چاوەڕێیە پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆن بکات، ئەوکاتە یەکێتی ناوەکانی پێشکەش دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس ناوی کاندیدەکانی یەکێتی بەمشێوەیەیە:

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی لیستی یەکێتی دەبێت لە هەولێر، هەروەها هەریەک لە لوقمان وەردی، شیرین یونس، شەمۆل ئاشتی، سەرکۆ گەڵاڵی، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان هەیە.
 
جگە لەوەش ناوی فەیسەڵ کەریم خان لە بازنەی هەولێر هەیە، هەروەها بارزان  عوسمان، وتەبێژی پێشووی پۆلیسی هەڵەبجە بەربژێرە لە بازنەی هەڵەبجە، هاوکات د.ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار و د. یاد نەقشبەندی لە نەخۆشخانەی هیوا و ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی، بەهمەن عەبدوڵڵا وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی لە بازنەی سلێمانی کاندیدن.