مه‌زڵوم عه‌بدى مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

28/03/2024‌ 1083 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، سێ لایەن ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ( ڕۆژئاوای کوردستان)یان کردۆتە ئامانج.


ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی لەوتارێکی ڤیدیۆییدا کە لەمیانی چوارەمین کۆنفرانسی پارتی سوریای ئایندەدا پەخشکرا لەشاری ڕەقە ڕایگه‌یاند، "ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوبەڕوی چەندین تەحەدای ڕوو لەزیادبوو و مەترسیدار دەبنەوە، لەوانە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە هێشتا هەڕەشەو مەترسیی لەسەر ناوچەکە دروستدەکات‌و توانای بەردەوامبون‌و دوبارە سەرهەڵدانەوەی هەیە".

وتیشى:"داگیرکاری تورکیا هێشتا بونی هەیە، تورکیاش ژێرخانی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ڕێگریی لە سەقامگیریی ناوچەکە بکات و دانیشتووان ناچاربکات کۆچ بکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە باسی لەهەوڵەکانی “ڕژێمی سوریا”و هاوپەیمانەکانی کرد بۆ تێکدانی ئاسایش‌و سەقامگیریی لەناوچەکە لەڕێگەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمنی‌و دروستکردنی ناتەبایی لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگه‌دا.

مەزڵوم عەبدی داوای لەپارتی سوریای ئایندە کرد هەوڵەکانی چڕتربکاتەوەو کار بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگه‌ بکات، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو تەحەدایانەی ڕوبەڕوی ناوچەکە دەبێتەوە.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا، "دەبێت بەشێوەیەکی ڕێکخراو کاربکەین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو ئەم تەحەدایانە، ئاشکراکردنی ئەم فێڵانە‌و پوچەڵکردنەوەیان لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراوی فراوانەوە".