سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق راستی پێدانی جەژنانە بە خانەنشینان ئاشکرا دەکات

عیراق

29/03/2024‌ 1103 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەرچاوەیەک لەناو ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راستی پێدانی جەژنانەی بە بەشێک لە فەرمانبەرانی پلە نزم و خانەنشیانی عێراق ئاشکرا کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لەلێدوانێکدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاندووە: تائێستا هیچ ئاڕاستەیەک لەناو حکومەتدا نییە بۆئەوەی جەژنانە بەبەشێک لە فەرمانبەرانی پلە نزم و خانەشینان بدرێت، بەوپێیەی ئەو بابەتە پێویستیی بە تەرخانکردنی دارایی گەورە هەیە".

هەروەک وتویەتی: جەژنانەکە هەرچەندە کەمیش بێت، ئەوە هێشتا پێویستی بە تەرخانکردنی بڕێکی زۆری پارە هەیە، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران و خانەشینان لە پلە نزمەکانن.

جەختیشی کردۆتەوە، هێشتا بیرۆکەی پێدانی جەژنانە بەهیچ شێوەیەک نەخراوەتە ڕوو، بەشێوەیەک لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا بابەتەکە باس نەکراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە حکومەت لەماوەی مانگی رەمەزاندا لەڕێگای راگرتنی لێبڕینی سلفە و قەرزەکان پاڵپشتیی فەرمانبەران و خانەنشینانی کردووە.

لەماوەی رابردوودا، لەلایەن ژمارەیەک لە پەڕلەمانتارانەوە داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کرابوو کە بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە بڕی 100 هەزار دینار بە فەرمانبەران و خانەنشینانی پلە نزم بدرێت.