توركیا كارئاسانی بۆ جموجۆڵی رێكخراوە تیرۆرستییەكان دەكات

جیهان

29/03/2024‌ 873 جار خوێندراوه‌ته‌وه



پێگەی نۆدریک مۆنیتۆری سویدی لەراپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە تورکیا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش سیاسەتی دەرگای سووڕاوە پەیرەو دەکات، بەشێوەیەک دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش، دوای ماوەیەک ئازادیان دەکات، ئەمەش دەرخەری پەیوەندیی ژێربەژێری ئەو وڵاتەیە لەگەڵ ڕێکخراوی داعش.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە: لە تورکیا شتێکی نامۆ نییە کە چەکدارانی داعش دەستگیر بکرێن و ماوەیەک لەلای پۆلیس دەستبەسەر بکرێن و دوای ماوەیەک ئازاد بکرێن، لەماوەی ساڵی رابردووشدا پڕۆسەی دەستگیرکردن و ئازادکردنی خێرای چەکدارانی داعش بەراورد بە ساڵی 2022 زیادی کردووە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا پێشکەشی  پەڕلەمانی کردووە ئەو بابەتە باشتر روون دەبێتەوە.

هەروەک دەڵێت: شەمسەددین فەرەیدوونی، ئەو گومانلێکراوەی داعش کە هەینی رابردوو لەدوای هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ لە روسیا دەستگیر کرا، دانی بەوەدانا کە لە تورکیاوە هاتۆتە رووسیا، راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە کە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا لەبەرانبەر گرووپە تیرۆریستییەکاندا زۆرجار ئاسانکاریی دەکات، لەناویاندا بە ڕێکراوی تیرۆریستیی داعش لە تورکیا.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “بەپێی بەدواداچوونێکی بنکۆڵکاریی، ژمارەیەکی زۆر لە تۆمەتبارانی داعش کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسدا دەستبەسەرکراون، دواتر ئازادکران، بۆ نموونە لە پارێزگای ئیزمیر لە ڕۆژئاوای تورکیا، کە 21 تۆمەتباری داعش دەستگیرکراون کە لەنێویاندا هاووڵاتی بیانی هەبوون، دواتر ئازاد کران".

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕەتیکردۆتەوە وردەکارییەکان سەبارەت بە ژمارەی تۆمەتبارانی داعش کە سزادراون یان دەرئەنجامی ڕێکارە یاساییەکان لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی داعش ئاشکرابکات، و پێدەچێت ئەم نهێنییە ئامانجی شاردنەوەی سیاسەتی حکومەت بێت بۆ ئازادکردنی چەکدارەکان دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنیان، ئەم سیاسەتەش لەساڵی 2014 وە لەڕێگای دەسەڵاتی دادوەرییەوە جێبەجێ دەکرێت".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “بەڵگە نهێنییەکان هاوکاریی نزیکی نێوان هەواڵگریی تورکیا و داعش و ڕێکخراوی قاعیدەیان ئاشکراکردووە بۆ برەودان بە ئەجێندای سیاسیی حکومەتەکەی ئەردۆغان، ئەمە جگە لەوەی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگری نهێنی لە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیاوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە چەکدارانی داعش لە تورکیا ی دوای ماوەیەکی کورت لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردنیان ئازاد کراون".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی