ناكۆكی توند لەنێو عەسائیبی ئەهلی حەق سەریهەڵدا و بەشێكیان چوونە پاڵ سەدر

عیراق

29/03/2024‌ 1449 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دوو گروپی ئەندامانی سەر بە میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، کشانەوەی خۆیان لە عەسائیب ڕاگەیاند و پەیوەندییان بە میلیشیای كەتیبەكانی سەلامی سەر بە سەدرەوە كرد.

دیاردەیەك سەری هەڵداوە ئەویش گەڕأنەوەی ئەندامانی میلیشیاكەی خەزعەلییە بۆ میلیشیاكەی پێشوویان كە سوپای مەهدی بووە و ئێستا ناویان كەتیبەكانی سەلامە .


ئەندامانی ناڕازی عەسائیب پاساویان بۆ هەنگاوەکەیان هێنایەوە بە "لایەنگریکردن لە چاکسازی کە بنەماڵەی سەدر نوێنەرایەتی دەکات"، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو بابەتە پەیوەستە بە ململانێ توندەکانی ناو میلیشیای عەسائیب لەسەر سەرکردایەتی یەکەکانی و پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان، هەروەها لەسەر پارە و چالاکییەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەیان لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق.

کۆمەڵێک ئەندام کە لە عەسائیب لایانداوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە میانەی خوێندنەوەی بەیاننامەیەك لە ناو فەرمانگەیەکدا دەرکەوتن،  لە پشتیانەوە نووسرابوو كەتیبەكانی سەلام.