شارپرێس:
لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە بڕیارە سبهینێ یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان بەڵێنی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی بەکورددا.
ئەردۆغان لەمیتینگێکی هەڵبژاردندا لەویلایەتی ئامەدی باکوری کوردستان کە لەگۆڕەپانی ئیستاسیۆن بەڕێوەچوو ، وتی، “ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەمولایەک باسی هەموو شتێک بکەین، بەڵام دەرگاکەمان بەڕوی تیرۆریستانو ئەوکەسانەدا داخراوە کە لەژێر ڕێنمایی تیرۆریستاندا سیاسەتدا پراکتیزە دەکەن”، ئەوەش وەک ئاماژەدان بەپارتی دیموکراسیو یەکسانی جەماوەری (دەم پارتی).
سەرۆکی تورکیا هەروەک وتی:"با پێکەوە بەدوای دەرگاکانی سەردەمی نوێدا بگەڕێین، با دڵی خۆمان بخەینە ناویەوەو سەدەی تورکیا بنیات بنێین، ئەمڕۆ هاتوین بۆ ئامەد بۆ ئەوەی داوای پشتیوانی ئێوە بکەین لەقۆناغێکی نوێی دیموکراسییو گەشەسەندنماندا دەستپێشخەریەکان کە ئێمە 21 ساڵە جێبەجێی دەکەین".
ئەردۆغان ڕایگەیاند، "لایەن هەیە شانبەشانی پەکەکە وەستاون، سهربارى ئهوهش وامانکردوە پەکەکە نەتوانێت لەناو سنورەکانی تورکیادا بجوڵێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، دەیەوێت برا کوردەکانی کۆتایی بە گۆشەگیرییەکەیان بهێننو دەشڵێت:“با لەگەڵ هەموو کەسێک دابنیشینو قسەبکەین کە خاوەنی عەقڵی ئازادو ویژدانێکی ئازادە .”
ئەو لێدوانانەی ئەرۆغان لەکاتێکدایه لەگەڵ نزیکبونەوەی هەموو هەڵبژاردنێکو لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی کورد، بەڵێنی چارەسەرکردنی پرسی کوردو دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ دەدەن، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەکان ئەو بەڵێنانە لەبیر خۆیان دەبەنەوەو زمانی هەڕەشەو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەکورد دەکەن.