ڕۆژنامەیەکی عیبری: تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل چاکبکاتەوە

جیهان

03/04/2024‌ 233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی مەعریفی عیبری ئاشرایکردوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب چاکبکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە چاودێران پێیانوایە، بەردەوامبونی بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر سایەی ئەو جینۆسایدەی ئیسرائیل دژی فەڵەستینییەکان لەکەرتی غەززە دەیکات، ڕۆڵی هەبوە لەو زیانانەی کە پارتی دەسەڵاتداری دادو گەشەپێدان لەهەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان توشی بوو.


لەڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، بەرپرسی کاروباری تورکیا لەتەلئەبیب کە پێش هەڵبژاردنەکان بەهۆی لێدوانە توندەکانی ئەردۆغانەوە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل کراوە، ڕایگەیاندوە، ئەو لێدوانانە پاڵنەرێکی سیاسییان هەیەو پەیوەستن بەدۆخی هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئەو وڵاتەوە.

لێدوانەکانی ئەردۆغان کە تێیدا ڕایگەیاندوە کە “ناتانیاهۆو ئیدارەکەی، ئەمڕۆ بەهۆی تاوانەکانیان دژی مرۆڤایەتیی لەغەززە ناوی خۆیان بۆ پاڵ هیتلەرو مۆسۆلینی‌و ستالین زیادکردوە، ئیسرائیلی توڕەکرد".

لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی عیبرییەکە وردەکارییەکانی کۆبونەوەی نێوان جاکۆب بلیتشتاین بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل‌و بەرپرسی کاروباری تورکیای خستەڕوو .

ڕۆژنامەکە بانگەشەی ئەوەیکردوە کە ڕاوێژکاری کاروباری تورکیا بەبلیتشتاینی ڕاگەیاندوە، قسە توندەکانی ئەردۆغان بەرامبەر بەئیسرائیل لەنیگەرانییە سیاسییەکانەوە سەرچاوەیگرتوە سەبارەت بەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان، هەروەک "تورکیا دەیەوێت لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە دەست بەباشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بکات، ئه‌ویش گەڕانەوەی باڵیۆزەکەی لەخۆدەگرێت کە لەسەرەتای شەڕی غەززە بۆ ئەنكەرە بانگهێشتی ئیسرائیل کرایەوە، هەروەها گەڕانەوەی باڵیۆزی تورکیا بۆ تەلئەبیب".

جێگه‌ی سەرنجە، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تورکیاو ئیسرائیل جارێکی دیکە گرژبونەوەو هەردوو وڵات باڵیۆزەکانیان کشاندەوە، بەڵام لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان تیشکخرایەسەر ئەوەی کە کۆمپانیاکانی نزیک لەدەسەڵاتی تورکیا درێژەیان بەبازرگانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل داوە.

هەندێک ڕایانگەیاند، ئەم بابەتە ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبوە لەکەمبونەوەی دەنگەکانی پارتی دادو گەشەپێدان.