نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارێکی شۆکهێنەر لەبارەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە عێراق بڵاودەکاتەوە

عیراق

12/04/2024‌ 139 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لەکاتێکدا لەعێراق ملیۆنان کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین  کەچی وڵاتەکە بەدەست گرفتی بەفیرۆدانی خۆراکەوە دەناڵێنێت، تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێوەرەکانی بەفیڕۆدانی خۆراکی جیهانی کە لە ساڵی 2024دا دەرچووە،:

ساڵانە  هەرکەسێک لەعێراق 143 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدات.
ساڵانە 6 ملیۆن تۆن، خۆراک لەعێراق بەفیڕۆ دەچێت.
عێراق لە پلەی شەشەمی جیهاندایە لە ڕێژەی بەفیڕۆدانی خۆراک بۆ هەر کەسێک.
لە عێراق هیچ سیاسەتێکی کاریگەر نییە بۆ کەمکردنەوەی بڕی بەفیڕۆدانی خۆراک .
پێشبینی دەکرێت ساڵانە بڕی ئەو خۆراکانەی بەفیڕۆ دەدرێن بگاتە 7 ملیۆن تۆن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری سیو وۆرلدی ئەمریکی کە لەکۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ دەرچووە، عێراق لە کۆی گشتی 196 وڵاتدا پلەی یەکەمی جیهانی عەرەبی و شەشەمی جیهانی بەدەستهێناوە، وەک ئەو وڵاتەی لە ساڵی 2023دا زۆرترین خۆراکیان بەفیڕۆداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤارە ئەمریکییەکە، عێراق لە پلەی یەکەمی جیهانی عەرەبیدا هاتووە، دواتر سعودیە، ئینجا لوبنان، یەمەن، سوریا، کوێت، قەتەر، ئوردن، میسر، جەزائیر، تونس و دواجار لیبیا.

چاودێران پێیان وایە، داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە بۆماوەییەکان هۆکاری سەرەکی بەفیڕۆدانی خۆراک پێکدەهێنن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە عێراقییەکان پێیان باشە لە کاتی خواردن لە ماڵەوە یان لە چێشتخانەکاندا بڕێکی زۆرتر لەپێدایوستی خۆیان لە خۆراک ئامادە بکەن ، ئەمەش ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی ڕۆژانەیە کە دەچێتە چوارچێوەی بەخشندەیی و دڵکراوەیی عێراقییەکان  کە لە ڕۆژانی جەژن و بۆنەکاندا زیاد دەکات .