پارتی هۆشداریی دەدات: سودانی ده‌بێت به‌دواین سه‌رۆك وه‌زیران پێ بنێته‌ كۆشكی سپی

عیراق

13/04/2024‌ 2247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، یەك دوانێك لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی عێراق، بۆ ئەوەی ئەمریكا پێشوازییان لێ بكەن، كێشەكانیان بەشێوەیەكی ڕووكەش چارەسەر كردووە تەنیا لەپێناو رازیكردنی ئەمریكا، راستەوخۆ پاش گەڕانەوەیان بۆ عێراق، گەڕاونەتەوە سەر هەمان سیاسەتی هەڵەی خۆیان.

بەوتەی مەریوان قەرەنی، دۆخەكە ئەمجارە جیاوازە، تا ڕادەیەكی زۆر پەردەكان لادراون و ئێستا هەموو یاریكەرە جەمسەری و هەرێمییەكان یاریی خۆیان لە گۆڕەپانی عێراقدا بە ئاشكرا دەكەن. 

دەشڵێت "گەورەترین هەڕەشە لەسەر پێگەی ئەمریكا لە عێراق هەیە كە بریتییە لە هەوڵی ئەو وڵاتە ئیقلیمییە لە ڕێگەی دامەزراوە دەستورییەكانی عێراقەوە بۆ دورخستنەوەی هەریەك لەو لایەنانەی كە خۆیان بە هاوپەیمانی ئەمریكا، یان لانی كەم خۆیان بە رەوتی نیشتمانی دەزانن و دەستەمۆی سیاسەتەكانی وڵاتە ئیقلیمییەكە نین".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باس لەوەشدەکات، سودانی گەرەنتیی ئەوە بكات كە چیتر دادگای فیدڕاڵی وەك چەكێك دژی ئەو هێزە شیعی و سوننییانە بەكار ناهێندرێت كە هاوئاوازی گروپەكانی سەر بە دەرو دراوسێ نین، ئەگەر ئەمجارەش ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەكرێن كە بە ئەمریكا دەدرێن، ئیتر ئەمریكاش لە جیاتی ڕێگەی دیپلۆماسی، پەنا بۆ كارتی دارایی و ڕێوشوێنی تر ببات تاوەكو لارییەكان راست بكاتەوە، بەم جۆرەش سودانی دەبێتە دوایین سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێ بنێتە كۆشكی سپییەوە.