هەفتەی داهاتوو ئەردۆغان سەردانی عێراق‌و هەرێم دەکات

کوردستان

15/04/2024‌ 601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەفتەی داهاتوو، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا، به‌سه‌ردانێكى فه‌رمى ده‌گاته‌ عێراق‌و دواى كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانى حكومه‌تى عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.


ڕۆژنامەی سەباحی تورکی ئاشكرایكردوه‌، 22ی ئەم مانگە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى توركیا تورکیا دوای 12 ساڵ، جارێکی دیکە بەسەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا.

هەرچەندە تائێستا بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەردۆغان لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات‌و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

باس له‌وه‌شده‌كرێت، ئەو بابەتە سەرەکییانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت بریتین لەڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە، پرۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدان، چارەسەری پرسی ئاو، زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان‌و وەبەرهێنانی کۆمپانیا تورکییەکان لەعێراق.

سەردانەکەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، سوپای تورکیا ئامادەکاریی بۆ فراوانکردنی ئۆپه‌راسیۆنەکانی لەدژی پەکەکە دەکات‌و بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی تورکیاش، عێراق بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیی بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ تورکیا دەربڕیوە.

ڕۆژی شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی چەند ڕۆژە گەیشتە ئەمریکاو بڕیارە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.