شارپرێس:
پرتەقاڵ بەیەکێک لەمیوە سودبەخشەکان دادەنرێت بۆ تەندروستیی مرۆڤ، بەشێوەیەک یارمەتیی ئەوکەسانە دەدات کە دەیانەوێت لەکێشی زیادە ڕزگاریان بێت، چونکە ڕێژەی گلایسیمیکی کەمی هەیەو بەخێرایی جەستە تێر دەکات.
بەوتەی شارەزایان، میوەی لیمۆ بەگشتیی سودی هەیەو دەتوانرێت وەک سوکە ژەم لەنێوان ژەمە سەرەکییەکاندا بخورێت.
شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، پرتەقاڵ ڕیشاڵی خۆراکیی بەسودو ڤیتامینو گلوکۆزی تێدایە کە جەستە بەهێواشی هەڵیدەمژێت، ئەمەش وایکردوە ببێتە بەرهەمێکی گرنگ بۆ ئەوکەسانەی ئارەزوی ڕزگاربونیان لەکێشی زیادە هەیە. هەروەک ئەم میوەیە پێست لەکاریگەریی هۆکارە دەرەکییەکانو تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخش دەپارێزێت کە ئەمەش پرۆسەی پیربون خاودەکاتەوە.
تایبەتمەندییە سودبەخشەکانی تری پرتەقاڵ بریتین لەپاڵپشتیکردنی کارکردنی دڵو خوێنبەرەکان چونکە ڤیتامین C و B9 تێدایە، ئاستی کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت، هەروەک بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگرییو توانای بینین.
جگە لەوەش پرتەقاڵ دۆخی خوێنبەرەکان باشتر دەکاتو میتابۆلیزمی چەوریی باشتر دەکات، چونکە ڤیتامین سیو ڕیشاڵی خۆراکیی تێدایە، 100 گرام پرتەقاڵ نیوەی پێویستی ڕۆژانەی جەستە لەڤیتامین سی لەخۆدەگرێت.
بەڵام لەهەمانکاتدا پسپۆڕان هۆشداریدەدەن لەوەی پرتەقاڵ هەندێکجار زیان بەتەندروستیی دەگەیەنێت، بۆ نمونە لەحاڵەتی هەوکردنی گەدەو برینی گەدەو تێکچونی کارکردنی ڕیخۆڵەدا پێویستە وازی لێبهێنرێت، هەروەک لەوانەیە ببێتە هۆی کاردانەوەی حەساسیەت لەهەندێک کەسدا، بەشێوەیەکی گشتیی باشتر نییە ڕۆژانە لەدوو پرتەقاڵ زیاتر بخورێت.
و: ئاکۆ ئاڵی