بەهۆی ئەگەری هێرشی ئیسرائیلەوە پشكنین لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران راگیرا

جیهان

16/04/2024‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ڕافائیل گرۆسی، "نیگەرانی" خۆی لە ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە كاردانەوە بە هێرشی تاران بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە كە ئەو دامەزراوانە لە ڕۆژی یەكشەممەوە داخراون.

گرۆسی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە تاوتوێكردنی دۆخی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆكرانیا لەبارەی كردنەئامانجی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە هۆشداری دا.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل كە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكاتە ئامانج، گرۆسی وتی، “ئێمە نیگەرانین لەم ئەگەرە”.

ناوبراو دەڵێت: ئەوەی دەتوانم پێتان بڵێم ئەوەیە كە حكومەتی ئێران ڕۆژی یەكشەممە پشكنەرانی ئێمەی لە ئێران ئاگادار كردۆتەوە كە هەموو ئەو دامەزراوە ئەتۆمیانەی كە ڕۆژانە پشكنینیان بۆ دەكەین بۆ ڕەچاوكردنی ئەمنی بە داخراوی دەمێننەوە.

لە كاتێكدا ئاماژەی بەوەدا كە داخستنەكە بۆ یەك ڕۆژ بووە، بەڵام پشكنەرەكان ڕۆژی دواتر ناگەڕێنەوە بۆ دامەزراوەكان. ڕوونیشی كردەوە: "بڕیارمدا ڕێگە نەدەم پشكنەرەكان بگەڕێنەوە تا ئەوكاتەی دەبینین دۆخەكە بە تەواوی ئارامە".

جەختی لە پێویستی لایەنەكان كردەوە كە "زۆرترین دان خۆداگرتن" رەچاوبكەن.