هاووڵاتییەكی ئەمەریكی لەسەر كاری نایاسایی لە هەرێمی كوردستان سزای 70 ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەرچوو

کوردستان

17/04/2024‌ 1231 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 هاووڵاتییەكی ئەمەریكی بە تۆمەتی ئەشكەنجەدان و ڕفاندنی هاووڵاتییەكی ئیستۆنی لە ساڵی 2015 بە هاوكاری هێزە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان و قاچاخچێتی چەك بۆ ئەو هەرێمە، لە ئەمەریكا سزای 70 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

ماڵپەڕی نووسینگەی كاروباری گشتی لە وەزارەتی دادی ئەمەریكا بڵاویكردەوە، هاووڵاتییەكی ئەمەریكا بە ناوی ڕۆس ڕۆجیۆ، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە كارگەیەكی بەرهەمێنانی چەك لە هەرێمی كوردستان و سپیكردنەوەی پارە و ڕفاندن و ئەشكەنجەدانی كەسێكی خەڵكی ئیستۆنیا بە هاوكاری هێزە كوردییەكانی عێراق، سزای 70 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە.

میدیای ئەمەریكی بڵاویكردەوە، بە گوێرەی بەڵگەنامەكانی دادگا و ئەو بەڵگانەی لە دادگاییكردنەكەی ئەو هاوولاتییە ئەمەریكاییەدا خراوەتەڕوو، ڕۆس ڕۆجیۆی تەمەن 55 ساڵ كە خەڵكی شاری ستراودسبێرگی ویلایەتی پێنسیلڤانیایە، چەند ساڵ پیش ئێستا داوای لە هاوبەشە كوردەكانی كردووە قوربانییەكە بفڕێنن و لە بنكەیەكی سەربازیدا ڕایبگرن.

هەروەها  قوربانییەكە دوای ڕفاندنی بۆ ئەو بنكەیە بۆ ماوەی 39 رۆژ بە شێوەكانی وەك هەوڵی خنكاندن، هەڕەشەی بڕینی پەنجە و لێدان و سوكایەتیپێكردن لەلایەن ڕۆس و هاوبەشە كوردەكانی ڕووبەڕووی ئەشكەنجەی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە.