بە ئامادەبوونی شارپرێس کونسوڵی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس کۆبوەوە

کوردستان

22/04/2024‌ 279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە ساڵیادی ڕۆژنەمەگەریی کوردیدا کونسوڵی ئەمریکا پێشوازیی لە ژمارەیەک میدیاکار و بەرپرسی میدیای ئەهلی و ئازاد کرد.

بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە ماڵی کونسوڵ دیدارێکی تایبەتی بۆ مارک سترۆ کونسوڵی گشتی و تیمی کونسوڵخانە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی تایبەت بە بەرگری لە رۆژنامەنووسان و ئازادی رادەربرین و بەرپرسی ژمارەیەک لە دەزگا میدیاییە ئەهلییە ئازادەکان رێکخست کە بەریوەبەری گشتی شارپرێسیش ئامادەی دیدارەکەبوو.

مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە  هەرێمی کوردستان وێرای پیرۆزبایی لە ئامادەبوان بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە بە وردی باسی لە بیروڕای وڵاتەکەی کرد لەبارەی ئازادی ڕادەربرین و ئەو پانتاییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیەو کێشەوئاڵەنگاریەکانی بەردەم کاری میدیای لە هەرێمی کوردستان باسکرد.
کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردوە وڵاتەکەی پابەندە بە داکۆکیکردن لە ژینگەیەک کە تێیدا میدیا بتوانیت کاری خۆی بکات بە بێ ترس و هەراسانکردن و پێشێلکردنی مافەکانی میدیا ومیدیاکار لەسەر بنەمای جیاکاری ئینتما و کاری سیاسی.

لە دیدارەکەدا کە هاوکار عزەت بەریوەبەری گشتی شارپرێس ئامادەی بوو گفتوگۆی تێروتەسەلکرا لەبارەی دۆخی ئازادی کاری میدیا و ڕادەربرین لە هەرێمی کوردستان و ئامادەبوان جەختیان لەوەکردەوە کە وڵاتی ئەمریکا زۆر وردتر کار لەسەر ئازادری رادەربڕین و هاوکاری دەزگا میدیاییە ئازادەکان بکات و پشتیوانی کاری میدیا و ئازادی رادەربرین بێت چونکە هەرێمی کوردستان بەردەوام ژینگەیەکی لەبارە بۆ پێشێلکاریی و بڕوای دەسەلاتدارانی هەرێم بە جۆرێکە کە میدیا بە بەشێک لە نەیاری خۆیان دەزانن نەک وەک یەکێک لە کاریگەرترین دامەزراوە چاودێریەکان.

 

بەپەلە