هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى ڕێگریانکرد لە ئەنجامدانى چالاکییەک دژ بە هاتنى ئەردۆغان

کوردستان

22/04/2024‌ 470 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لەکاتێکدا دەستەی پارێزگاری سەروەری نیشتمان چوونە بەردەم نوسینگەى پەرلەمانى عێراق لە سلێمانى، بۆئەوەى یاداشتێک ئاراستەى پەرلەمانى عێراق بکەن دژ بە هاتنى سەرۆک کۆمارى تورکیا بۆ عێراق و هێرشەکانى تورکیا بۆسەر هەرێم، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان نەدا یاداشتەکە بدەن بە نوسینگەى پەرلەمان.

وابڕیاربوو، نیوەڕۆى ئەمڕۆ دەستەی پارێزگاری سەروەری نیشتمان بەمەبەستی رەتكردنەوەو بەرەنگار بوونەوەی هەرەشەكانی لەشكركێشی توركیا و سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، دەنگی نارەزایەتی بگەیەنن بە پەرلەمانى عێراق.

لەگەڵ پێشکەشکردنى یاداشتێکى ناڕەزایەتى بە نوسینگەى سلێمانى پەرلەمانى عێراق بڕیاربوو گردبونەوەیەکیش ئەنجام بدەن و یاداشتەکە بۆ رایگشتى بخوێننەوە.

بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس، نیوەڕۆى ئەمڕۆ هێزێکى زۆرى ئەمنى لە دەوروبەرى نوسینگەى سلێمانى پەرلەمانى عێراق بڵاوەى پێکرا و جگە لەوەى ڕێگەیان نەدا گردبونەوە ئەنجام بدرێت، ڕێگەیشیان نەدا نە یاداشت بخوێنرێتەوە و نە یاداشت بدرێت بە پەرلەمانى عێراق.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا گەیشتە بەغدا و لەلایەن سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە پێشوازى لێکرا، وابڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ سەردانى هەولێر بکات.

بەپەلە