شارپرێس
ئێوارەى ئەمڕۆ بە
فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر و قوربانى لێکەوتەوە و
بەرهەمهێنانى غاز ڕایگرا، لە ئێستادا هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى ڕەوانەى کێڵگەکە
کراوە و قوباند تاڵەبانیش داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم
دەکات، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێ بکەن.
لە ڕێگەى دوو فڕۆکەى
بێفڕۆکەوانەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە سنورى ناحەى
قادرکەرەم لە قەزاى چەمچەماڵ و زیانى گیانى و ماندى بەدواى خۆیدا هێنا.
رەمەک رەمەزان
قایمقامى چەمچەماڵ لەبارەى زیانەکانى هێرشەکەوە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی
کۆرمۆر دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون.
هەروەها، وەزارەتى
کارەباى حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر،
ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات
کارەبا کەم بووەتەوە.
وەزارەتى کارەبا
ڕاشیگەیاند، ستافی هەردوو وەزاررەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە
هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز
بۆ وێستگەکانی کارەبا.
لەسەر هێرشەکە، قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، بە توندی ئەو هێرشە
درۆنییەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئیدانە دەکەم و خەمبار بووم بەگیانلەدەستدان
و برینداربوونی چەند کارمەندێک لەئاکامی هێرشەکەدا.
جێگرى سەرۆکى حکومەتى
هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکات، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی
ورد دەست پێ بکەن و ڕێکاری جدی بگرنەبەر بۆ
ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە کەتیایدا هاوڵاتیانی مەدەنی دەبنە
قوربانی و خەڵکی کوردستان بەگشتی زیانمەندی
سەرەکی دەبن.
لەلایەکى ترەوە،
میدیاى یەکێتى بڵاویکردەوە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێکی
دیکەی هێرشکردنەسەر کێڵگەی کۆرمۆر رەوانەی کێڵگەکە کران.