ڕێبەری ئێران بۆ یەکەمجار ئاماژە بەدروستکردنی چەکی ئەتۆمیی دەکات

جیهان

09/05/2024‌ 956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەمال خەرازی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران کە لەڕابردودا چەندینجار جەختی لەوەکردوەتەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی نادات، ڕایگەیاند، ڕەنگە تاران ناچاربێت عەقیدەی ئەتۆمی خۆی بگۆڕێت.


هەروەک  ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە لەچەند لێدوانێکدا جەختی لەوەکردەوە، ئەم گۆڕانکارییە لەباوەڕی ئەتۆمیی ئێران کاتێک دەبێت، ئەگەربێت‌و بونی وڵاتەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوەش بەگوێره‌ى ئەوەی ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران بڵاویکردوەتەوە.

لەکاتێکدا،  عەلی خامنەیی‌و بەرپرسانی دیکەی ئێران لەڕابردودا زیاتر لەجارێک جەختیان لەوەکردۆتەوە کە باوەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی قەدەغە دەکات.

پیتاندنی یۆرانیۆم
بەگوێره‌ى راپۆرتەکانی پێشوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی، ئێران پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەپاکی تا لەسەدا 60 ئەنجامداوە کە نزیکە لەڕێژەی لەسەدا 90 کە لەدروستکردنی چەکی ئەتۆمییدا بەکاردێت، هەروەک بەگوێره‌ى پێوەرێکی فەرمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، پیتاندنی ئەو مادانە بۆ ئاستێکی بەرزتر بەسە بۆ دروستکردنی دوو جۆر چەکی ئەتۆمی.

تاران چەندینجار ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی خاوەندارێتیکردنی چەکی ئەتۆمی بدات، هەرچەندە هیچ وڵاتێکی دیکە بەبێ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نەگەیشتوەتە ئەم ئاستە لەپیتاندن.

ساڵی ڕابردوو ئێران گەرەنتی هەمەلایەنەی پێشکەش بەدەزگای نەتەوەیەکگرتوەکان کرد بۆ هاوکاریکردن لەلێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن کە پەیوەندیی بەشوێنەواری یۆرانیۆمەوە هەیە کە لەشوێنە ئاشکرانەکراوەکاندا دۆزراوەتەوە، هەروەک دوبارە دانانی کامێرای چاودێریی‌و ئامێرەکانی دیکەی چاودێریی کە لەساڵی 2022دا لابرا، لەکاتێکدا ڕاپۆرتی ئاژانسەکە بۆ وڵاتانی ئەندام ئاشکرایانکردوە کە ئێران تەنها ڕێگەی بەدانانی چەند کامێرایەکی کەمداوە، ئەمەش پاڵی بەسەرۆکی ڕێکخراوەکەوەنا، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە سەردانی تاران بکاتەوە.