شارپرێس:
میدیاکانی تورکیا هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە، سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەمریکا کە بڕیاربوو لە 9ی ئایاری داهاتودا ئەنجامبدرێت، هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ڕۆژنامەی "حوریەت"ی تورکیا پشتڕاستیکردەوە کە هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە لەئەنكەرە دەرنەچوە.
حوریەت لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەردۆغان ڕێنمایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی دەرنەکردوە، لەکاتێکدا “شاندە تورکیاو ئەمریکا تاوتوێی بەرنامەکەی دەکەن".
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، “گروپێکی پەیوەندیدار بەلۆبی ئیسرائیلی لەئەمریکا هەوڵی ڕێگریکردن لەم سەردانە دەدەن، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس، بۆ تورکیا".
میدیاکانی تورکیا لەکاتی ڕاگەیاندنی سەردانەکەیان ڕایانگەیاند، چاوەڕواندەکرێت ئەردۆغانو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک بابەت تاووتوێ بکەن کە لەچەند ساڵی ڕابردودا بوەتە هۆی تێکچونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو هاوپەیمانی مێژویی، لەوانە شەڕی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، هاریکاری بەرگرییو بەرەنگاربونەوەی تیرۆر.
سەردانەکەی هەنیە بۆ تورکیاو دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغان دوای ئەوەهات کە هەواڵی ئەوە بڵاوبوهوە کە حەماس نیازی هەیە بۆ جێگرەوەی قەتەر بەدوای وڵاتێکی تردا بگەڕێت کە یەکێک لەو وڵاتانە تورکیایە.
بەڵام دواتر هەردولا (حەماسو قەتەر) پشتڕاستیانکردەوە کە ئەم هەواڵانە ناڕاستن، بەوپێیەی دەوحە جەختی لەوەکردەوە، حەماس هیچ پاساوێکی بەدەستەوە نییە بۆئەوەی خاكی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.