ئەو دادگایەی مەسرور بارزانی بە نادەستووری ناویبرد ئەمڕۆ سکاڵای تێدا تۆمارکرد

کوردستان

06/05/2024‌ 1334 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لەدژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد.

 مەسرور بارزانی، لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە.

ناوبراو لە سکاڵاکەیدا ڕونیکردووەتەوە، "کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپێچی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسیی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستووری عێراقە".

دەشڵێت، "ماددەی تانەلێگیراو سەرپێچی بڕگەکانی دەستووری کردووە، کە تیایدا هاتووە رەچاوی نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکانی گەل بکرێت، راستە ئەم بڕگەیە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام بنەمایەکە دەستوور پەسەندی کردووە و پێویستی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانە لە تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسادانانن، بۆیە پێویستبوو کۆمیسیۆن رەچاوی هاوسەنگی بکات، بە دیاریکراوی تایبەت بە پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی".

مەسرور بارزانی داوای لە دادگای باڵای فیدڕاڵی کردووە، بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ راگرتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و راگرتنی رێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی.

بەپەلە