ئیسرائیل ئۆفیسی كەناڵی جەزیرەی لە ئۆرشەلیم داخست و پەخشەكەی راگرت

جیهان

06/05/2024‌ 287 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەرپرسێكی ئیسڕائیل و سەرچاوەیەكی ئەلجەزیرە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاند دوای فەرمانێكی حكومەتی ئیسڕائیل بۆ داخستنی كەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیانكوتاوەتە سەر ژوورێكی هۆتێلێكی ئۆرشەلیم كە لەلایەن ئەلجەزیرەوە وەكو ئۆفیسێكی نافەڕمی بەكارهێندراوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە لە ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، ئەفسەرەكان كەلوپەل و كامێراكان لە ژووری هۆتێلەكەدا لادەبەن، سەرچاوەكەی ئەلجەزیرە وتی هۆتێلەكە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بووە.

سەرۆك وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو كەناڵەكەی تاوەكو ئەو كاتەی جەنگی غەززە تەواو دەبێت داخست، ئەوەش بە هۆكاری ئەوەی كە كەناڵەكە مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكە و هانی توندوتیژی داوە.

ئەلجەزیرە گوتی ئەو هەنگاوەی حكومەتی ئیسڕائیل " تاوانكارییە " و ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردەوە كە گوایە كەناڵەكە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست كردبێت".

بەگوێرەی راپۆرتی رادیۆی دەنگی ئەمەریكا، ئەلجەزیرە ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسڕائیل گرتووە لە غەززە، لەو ئۆفیسەشییانەوە لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەكەوە تاوەكو ئێستا بەردەوام ڕووماڵی جەنگەكەیان كردووە.

حكومەتی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، فەرمانەكە داخستنی ئۆفیسی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل دەگرێتەوە، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلەكانی پەخش و دابڕینی كەناڵەكە لە كۆمپانیاكانی كێبڵ و مانگە دەستكردەكان و هەروەها قەدەغەكردنی ماڵپەڕەكانی دەگرێتەوە. بەڵام باسی لە ئەركەكانی غەززەی ئەلجەزیرە نەكرد.