شارپرێس:
پرسى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق‌و باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق كۆده‌كاته‌وه، سه‌رۆكى دادگاكه‌ش ده‌ڵێت:"پێویسته سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شداریی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بكه‌ن".
ڕاگەیەنراوێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاشكرایكردوه، جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق کۆبوەوەو تاووتوێى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
له‌و ڕاگەیهنراوهدا هاتوه، "لەکۆبونەوەکەدا، سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەختی لەدۆزینەی چارەسەری پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کردەوەو جه‌ختیكرده‌وه، پێویستە هەڵبژاردن بەشێوەیەک بێت سەرجەم لایەنەکان بەشدارییەکی کارایان هەبێت".
میدیاى پارتى ده‌ڵێت، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا چەند پێشنیازێک خراونەتەڕوو، بۆ ئەو تێبینیانەی پارتی‌و پێکهاتەکان لەسەر هەڵبژاردن هەیانە لەبەرچاو بگیرێن‌و وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری‌بکرێت.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، سەرەتای هەفتەی ڕابردوو بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم‌و جێگرى سه‌رۆكى پارتى، لەبەغدا لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکەو سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەکۆبونەوەدا بوو، کە پرسی سەرەکی کۆبونەوەکانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.
دادگای فیدراڵی عێراق لەڕۆژی (21ی شوباتی 2024) کە دوای 11جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبکرێتو ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەوپێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمدەکرێنەوە.