دوای ئیستفزازو هەڕەشەکانی ڕۆژئاوا، پوتن فەرمانی ئەنجامدانی مانۆڕی ئەتۆمیی دەدات

جیهان

07/05/2024‌ 2620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا فەرمانی بەئەنجامدانی مانۆڕی ئەتۆمیی "لەئایندەیەکی نزیک" بۆ ئەو هێزانە دەرکردوە کە لەنزیک ئۆکرانیا جێگیرکراون، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ "هەڕەشەی" سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دژی مۆسکۆ.

وەزارەتەکە لەبەیاننامەیەکدا لەکەناڵی تێلێگرام جەختیکردۆتەوە، "لەکاتی مانۆڕەکاندا زنجیرەیەک ڕێوشوێن دەگیرێتەبەر بۆ ئامادەکاریی‌و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی ناستراتیژی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو ڕێوشوێنانە لەسەر بنەمای "فەرمانی فەرماندەیی باڵای هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی ڕوسیا" دێت، واتە پوتن .

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجی مانۆڕەکە "پاراستنی ئامادەیی" سوپا بوە دوای "لێدوان‌و هەڕەشەی ئیستفزازکەرانە دژی ڕوسیا لەلایەن بەشێک لەبەرپرسانی ڕۆژئاوا".

مانۆڕەکان هێزەکانی ئاسمانیی‌و هێزی دەریایی‌و هێزەکانی ناوچەی سەربازیی باشور لەخۆدەگرن کە بنکەکانیان لەنزیک سنوری ئۆکرانیایەو بازنەی کارەکانیان ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا دەگرێتەوە کە مۆسکۆ دوای لەشکرکێشییەکە داگیریکردو بەوڵاتەکەیەوە لکاندن.

ڕوسیا لەئۆکتۆبەری 2023  ڕایگەیاند، پوتن سەرپەرشتی هەڵدانی موشەکی بالیستیکی لەکاتی مانۆڕە سەربازییەکان کردوە کە ھاوشێوەکردنی "ھێرشی ئەتۆمیی گەورە" بوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لەمۆسکۆ.

ڕاگەیاندنی ئەم مانۆڕانە هاوکات بوو لەگەڵ ڕەزامەندی ئەنجومەنی فیدراسیۆن، ژوری سەرەوەی پەرلەمانی ڕوسیا، بۆ کشانەوە لەپەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان.

لەدوای داگیرکردنی ئۆکرانیا، پوتن چەندینجار ئاماژەی بەئەگەری پەنابردنەبەر چەکی ئەتۆمی کردوە.

لەهاوینی 2023 مۆسکۆ چەکی ئەتۆمی تاکتیکیی لەبیلاڕوس جێگیرکرد، بیروباوەڕی ئەتۆمی ڕوسیا بەبەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی "تەنها بەرگریکارانە" دیاریدەکات کاتێک بەر هێرشەکان دەکەوێت بەبەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ، یان کاتێک بەچەکی ئاسایی هێرشیدەکرێتەسەر کە "هەڕەشە لەسەر بونی دەوڵەت دروستدەکات."

بەپەلە