خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستپێدەكاتەوە

کوردستان

07/05/2024‌ 404 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لە دوای نزیکەی دوو مانگ لە کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخەری خۆپیشاندەران بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن جارێکی تر بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان خۆپیشاندان ئەنجامدەدەنەوە.

زانا ڕاغب، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "ئامادەکاری و راوێژی پێویستمان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نوێ کردووە و لە یەک یان دوو ڕۆژی داهاتوودا شوێن و کات و میکانیزمی خۆپیشاندانەکە دەخەینە ڕوو."

وتیشی، "خۆپیشاندانەکە لەلایەک دژی دوا کەوتنی مووچەکانمانە و لە لایەکی تریش فشار دروستکردنە لەسەر حکومەت بە مەبەستی پشتگیریکردن لە هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید، کە داوا دەکەین لە ڕێگەی ئەو دوو بانکەوە، مووچەکانمان بە نیشتمانی بکرێت."

سامان عەلی، یەکێکی تر لە سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە دەمانەوێت پەیامێک هەم بە عێراق بگەیەنین، هەم ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ئاڕاستە بکەین بە عێراق، چونکە سەردانی چەند بەرپرسێکی بەغداد دەکەین و داوا دەکەین ڕافیدەین و ڕەشید هەڵبژێرن بۆ ناردنی مووچەکانمان."

بەپەلە