بافڵ تاڵەبانی: پێویستە ھەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت

کوردستان

07/05/2024‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە  سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

هەروەها پرسی ھەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد گفتوگۆی وردیان لەبارەوەکرا و جەخت لەبەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد کرایەوە بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی سەقامگیری و گەشەکردنی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان.

 بافڵ تاڵەبانی وتی، پێویستە ھەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک بێت، دیموکراسی بباتە ئاستێکی باڵاتر و گۆڕانکاری لەپرۆسەی حوکمڕانیدا بھێنێتە ئاراوە.

لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد، ھەردوولا ھاوڕابوون کۆتایی بە ناکۆکییەکان بھێنرێت، کێشەکان لەسەر  بنەمای دەستوور چارەسەربکرێن و ھاوبەشیی راستەقینە لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەوبکرێت.

 بافڵ تاڵەبانی سیاسەت و ستراتیجی یەکێتی لەبارەی کۆی ھاوکێشەکان روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەند بە سیاسەتی نیشتمانیی خۆی، درێژە بە ھەوڵەکانی دەدات بۆ خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. بۆ ئەمەش جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە و ھەنگاونان بەرەو ھەرێمێکی ئاوەدانتر و دیموکراسیتر دەکەینەوە.

پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگییەکان دووپاتکرایەوە.