توركمان 65% و كورد 10%ی بەركەوت.. پۆستەكانی دوزخورماتوو دابەشكران

کوردستان

21/05/2024‌ 882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، پشكی پێكهاتەكانی لە پۆستەكانی قەزای دوزخورماتوو یەكلاییكردۆتەوە و توركمان زۆرینەی پۆستەكانی بەركەوت بە ڕێژەی %65، دوای ئەوە عەرەب بەڕێژەی %25 و كورد %10.

دواى دوو هەفتە لە كۆبونەوەی بەردەوامی پێكهاتەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، پۆستەکانى قەزاى دوزخورماتوو بەسەر لایەنەکانى قەزاکەدا دابەشکرا.

یاسین محەمەد، ئەندام ئەنجومەنی پارێزگا لە پشكی كورد بە کەرکوک ناوى ڕاگەیاند، توركمان لە هەموو سەردەمێكدا زۆر ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ واقیعەكەدا كردووە، لەهەر بارودۆخێكدا بێت تەحەمولی دۆخەكەیان كردووە و ئەو پۆستانەیان بەجێنەهێشتووە كە وەریانگرتووە و لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، ئێستاش لەسەدا 65ی پۆستەكان بەر ئەوان كەوتووە، بەڵام وەكو كورد تەنیا لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەموو پۆستەكانمان لەدەستدا، وردە وردە هەوڵدەدەین هەندێكیان بەدەستبهێنینەوە و ئێستا لەسەدا 10ی پۆستەكانمان بەركەوتووە، عەرەبیش لەسەدا 25.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌ و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی (زیاتر لە 154 هەزار كەسن) لە توركمان، كورد‌ و عەرەب پێكهاتون.

توركمان پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی دوزخورماتوی بەركەوتووە، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پەروەردەش لای عەرەبە، كورد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەزاكەی بەركەوتووە.

لەسەر ئاستی پارێزگای سەڵاحەدین، كە 38 پۆستی باڵا هەیە، وەكو پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكانیان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، ئەوانیش زۆرینەی هەرە زۆریان یەكلایی بونەتەوە.