نهێنییەک لەبارەی توێکڵی پرتەقاڵەوە ئاشکرا دەکرێت

تەندروستی

16/06/2024‌ 1350 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەگوێرەی پێگەی میدیکاڵ ئێسکسپرێس، توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زانکۆی فلۆریدا ئەنجامدراوە دەریدەخات کە ڕەنگە توێکڵی پرتەقاڵ کلیلی باشترکردنی تەندرووستیی دڵ و خوێنبەرەکان بێت.

توێژەران دوو جۆر گیراوەی توێکڵی پرتەقاڵیان تاقیکردۆتەوە کە بریتین لە بەشە جەمسەرییەکان و بەشە ناجەمسەرییەکان.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە گیراوەی توێکڵی پرتەقاڵ کە جەمسەری نییە بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگریی دەکات لە بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان لە ڕیخۆڵەکاندا، کە پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە.

هەروەک توێژەران ئاوێتەیەکیان بە ناوی (فیرولۆیل پوترێسین) لە گیراوەی بەشی جەمسەری توێکڵی پرتەقاڵدا دەستنیشانکردووە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێگریی لەو ئەنزیمە دەکات کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی ئەو ماددانە لە ڕیخۆڵەکاندا کە پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە.

زۆربەی توێکڵی پرتەقاڵ لە خۆراکی ئاژەڵدا بەکاردەهێنرێت، یان وەک پاشماوە لەلایەن کارگەکانی شەربەتەوە فڕێدەدرێت.
پسپۆڕان پێیان وایە، ئەم ئەنجامانە دەرگایەکی نوێ دەکەنەوە بۆ بەکارهێنانی خۆراک وەک ئامرازێکی خۆپارێزی لە دژی کێشە تەندروستییەکان، ئەگەر گیراوەی توێکڵی پرتەقاڵ بەکاربهێنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی تەندرووستیی دڵ.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی