لێدوانێکی نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئەمریکا لایەنە شیعییەکان توڕە دەکات

کوردستان

17/06/2024‌ 9493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەعد مەتڵەبی سەرکردە لەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی یاساو ڕێساکانی حکومەتی فیدراڵ نییە، هەرچەندە موچەی هێزەکانی پێشمەرگەیان لەلایەن بەغداوە خەرجدەکرێت، ده‌شڵێت:"هەوڵی حکومەتی هەرێم بۆ خۆپڕچەککردنی لەلایەن ئەمریکاوەو لێدوانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئەمریکا لەوبارەیەوە، ناپاکییە".


مەتڵەبی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندوە، "لەگەڵ ئەوەی هەرێم جەخت لەوەدەکەنەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە پاشکۆی سوپای عێراقەو موچەش لەبەغداوە وەردەگرن، بەڵام ئەوان پابەندی ڕێسا فەرمییەکانی سوپای عێراق نین".

مەتڵەبی لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت:"خواستی پێشمەرگە بۆ واژۆکردنی گرێبەستی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکا، پێشێلکارییەکی ئەمنییە".

ئاماژەی بەوەدا کە "کڕینی کەرەستەی سەربازیی یەکێکە لەئەرکەکانی سیاسەتی بەرگریی دەوڵەت کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە دیاریکراوە".

لێدوانی ئەو سەرکردەیەی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوای ئەوەهات کە تریفە عەزیز نوێنەری حکومەتی هەرێم لەواشنتۆن، لەوتارێکدا كە بۆ ماڵپەری بەناوبانگی (زە هیڵی)ی ئەمریکی نوسیویەتی:"داوا لەحکومەتی ئەمریکاو ئیدارەی جۆ بایدن دەکەین، هاوکاریی سەربازیی هەرێمی کوردستان بکەن‌و بەزوترینکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ کوردستان دابین بکەن".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو وتارەیدا، کە بەناوی (بۆ دڵنیابون لەوەی سەقامگیریی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپابێت، دەبێت پێنتاگۆن هاوکاری بۆ کورد دابین بکات)، ڕایگەیاندوە، هاوکاریکردنی سەربازیی‌و چەک‌و سیستەمی پێشکەوتوی بەرگریی ئەمریکی، دەبێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەولێرو واشنتۆن.