زیاتر لە ملیۆنێك منداڵی عێراقی لە تەمەنێكی بچووكدا كار دەكەن

عیراق

17/06/2024‌ 375 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەپێی ڕاپۆرتەكانی مافی مرۆڤ و هەروەها بەرپرسانی عێراق، ڕێژەی بەرزی هەژاری لە عێراق بووە بەهۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی كاركردنی منداڵان لە زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا.

 ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە ملیۆنێك منداڵ لە تەمەنێكی بچووكدا كاردەكەن، ئەمەش بەهۆی ڕێژەی بەرزی هەژاری و بەردەوامی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و نەبوونی دەرفەتی خوێندن، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەكانیان بكەن.

دیاردەی كاری منداڵان لە ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی بە پرسێكی زۆر جێی نیگەرانی دادەنرێت، بەو پێیەی ڕاپۆرتەكان ئاماژەیان بە ژمارەی "مەترسیدار و شۆكهێنەر" كردووە بۆ ئەم دیاردەیە. فۆرمەكانی هەمەچەشنن لە ئەنجامی چەند هۆكارێك لەوانە: گۆڕانی كەشوهەوا، دەرئەنجامەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، شەڕی چەكداری و نائاسایشی خۆراك و برسێتی.