بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی، بۆ جەژنی قوربان تەنھا لە شاری سلێمانی بە بڕی زیاتر لە نیو ملیار دینار قوربانی بۆ غەززە کراوە.
ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی کە ئەمرۆ کۆتایی بە ھەڵمەتی کۆکردنەوەی قوربانیەکان ھێنا بۆ غەززە، ئاشکرایکردوە کە زیاتر لە دوو ھەزار قوربانی تەنھا لە شاری سلێمانییەوە بۆ ھاوڵاتیانی غەززە کراوە کە بەھای ھەر قوربانیەک لە 250 ھەزار دینار زیاتر بوەو بەو پێیەش بێت زیاتر لە 500 ملیۆن دینار دراوە بە قوربانیەکان لەلایەن کەسانی ئەنجامدەری قوربانیەکانەوە.
بەرپرسێکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی بۆ شارپرێس ئەوەی ئاشکراکرد ھەڵمەتەکەیان سێ رۆژ پێش جەژن و یەکەم و دووەم ڕۆژی جەژن بەردەوام بوەو تەنھا لە شاری سلێمانی ئەو بڕە قوربانیە بە دەستیان گەشتوەو لەسەرجەم پارێزگاکانیش لقەکانی ڕابیتە ھەمان ھەڵمەتیان ھەبوە، لە ڕۆژانی داھاتوو ئامارەکانی ئەوانیش ڕادەگەیەنرێت.
سەبارە بە ناردنی قوربانیەکان بۆ دانیشتوانی غەززە، بەرپرسەکەی ڕابیتە ئەوەی بە شارپرێس وت کە ھەموو ڕێکارەکانیان ئامادەکردوەو تەواوی قوربانیەکان لە ڕێگەی چەند وڵاتێکەوە دەگەنە دانیشتوانی غەززەو دابەش دەکرێن بەسەریاندا.