شارپرێس:
ڕاكان جبورى دهستبهردارى پۆستى پارێزگارى كهركوك بوو، ئەمڕۆ لەدادگا وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندى یاسایی دەخوات، ئهندامێكى فراكسیۆنى یهكێتیش زانیاریى زیاتر لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات.
بەگوێرەی ئهو زانیاریانهى لهكهركوكهوه بهشارپرێس دراون، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاکان جبوری دەچێتە دادگاى شارهكهو و وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی دەخوات.
بڕیاروایه سبهینێ پێنجشەممە 11ى تەمموز، یەکەم کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکرێت، دواى ئەوەى محەممەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى لەئەندامانى ئەنجومەنەکە کرد ئەو کۆبونەوەیە بکەن.
لهوبارهیهوه پەروین فاتیح ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەفراکسیۆنى یەکێتیى وتویهتى، "بەشداریی ئەو کۆبونەوەیە دەکەین، بەڵام تێیدا سەرۆکى ئەنجومەنو جێگرانى هەڵنابژێردرێنو ئەوە دەمێنێتەوە بۆ قۆناغى دواتر".
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ى تەمموز ڕاکان جبورى پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت وەک ئەندامى ئەنجومەن لەدادگا سوێندى یاسایی دەخوات.
ڕاکان جبورى لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگای کەرکوک لەلیستى هاوپەیمانیى عەرەبی كاندید بوو، ئەگەر سوێندی یاسایی نەخواردایە، پەروین فاتیح وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیى کۆبونەوەکەى دەکرد، لهو ڕوهشهوه پەروین فاتیح ئاماژه بهوهدهكات، "بەسوێندخواردنى ڕاکان جبورى، ئەو وەک بەتەمەنترین ئەندامى ئەنجومەن سەرۆکایەتى کۆبونەوەکە دەکات، بەڵام لەپۆستى پارێزگار نامێنێتو بۆشایی کارگێڕیى دروستدەبێت".
لەهەندێک لەپارێزگاکانى دیکەى عێراق، دواى ئەوەى پارێزگار دەبوو بەئەندامى ئەنجومەن، تاوەکو هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێ ئەرکەکەى بەیەکێک لەیاریدەدەرانى دەسپێردرا.
دوێنێ محهمهد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەنوسینێکدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس داواى ئەو کۆبونەوەیەى کردو کاتژمێر یهكى پاشنیوهڕۆى ئهمڕۆ دیاریکرد کە لەباڵەخانەى ئەنجومەنى پارێزگا دەکرێت.
بەگوێرەى یاسا، پێنجی شوبات دوا وادە بوە بۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەسەر داواى پارێزگار، بەهۆى ڕێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو کۆبونەوەیە نەکرا، ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 16 ئەندام پێکهاتوە؛ کۆبونەوەى ئەنجومەنەکە پێویستى بەئامادەبونی زۆرینەى سادەیە کە نۆ ئەندامە.
ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک بوە لەو چەند ساڵەی دواییداو ئەمڕۆ لەپاش سوێندخواردنی پۆستەکەی لەدەستدا نامێنێت.
