شارپرێس
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە شەڕی غەززەدا ٦٥٪ ی چەکدارانی حەماس کوژراون و برینداربوون و دەشڵێت: سوپاى ئیسرائیل نۆ مانگە شەڕێکى سەرکەوتویان کردووە.
دواى نۆ مانگ لە بەردەوامى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر کەرتى غەززە، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێمە ٦٥٪ ی چەکدارانی حەماسمان کوشتووە یان بریندار کردووە.
گالانت وتیشى: سوپاکەیان زۆرینەی کەتیبەکانی حەماسیان هەڵوەشاندووەتەوە و نۆ مانگە شەڕی سەرکەوتوویان کردووە.
جەنگی غەززە لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماسی فەڵەستینی، لە ٧ـی تشرینی یەکەم دەستی پێ کرد و ٧ـی تەمووز پێی نایە مانگی دەیەمینەوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل یواڤ گالانت لە پەرلەمانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە ئامارێکی ڕاگەیاند.
بەرەبەیانی ٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و نزیکەى ٣٨ هەزار کەس لە کەرتى غەززە کوژراون.