ئەگەری هاوپەیمانێتیی سەدر و مالیکی هەیە

عیراق

12/07/2024‌ 903 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەگەری هەیە هەریەک لە رەوتی سەدر و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی مالیکی بۆ رێگرییکردن لە بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی حکومەت لەلایەن سودانییەوە، هاوپەیمانێتیی رابگەیەنن.

بەگوێرەی پێگەی " بەغدادیە نیوز" کە پشتی بە سەرچاوەی ئاگادار بەستووە، لەیەکتێگەیشتنەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیەکی هەڵبژاردن لەنێوان رەوتی سەدر و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گەیشتوونەتە قۆناغی پێشکەتوو، ئەوەش لەپێناو ڕێگرییکردن لە خواستەکانی محەمەد شیاع سودانی بۆ بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی حکومەت.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە کە مالیکی دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆی بهێنێت و خۆی لە لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی یاسایی بەدوور بگرێت لەسەر تاوانەکانی گەندەڵیی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی کە لە ماوەی حوکمڕانی پێشوویدا ئەنجامی داوە، بەتایبەتی کە پێشتر ڕەوتی سەدری دروشمی لێپرسینەوە لە گەندەڵکارانی بەرزکردبووەوە .

جەختیشیان لەوە کردەوە کە مالیکی هەوڵدەدات پێش ڕووداوەکان بکەوێت و ئایندەی خۆی مسۆگەر بکات بە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ڕەوتی سەدری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

 بەغدادیە نیوز ئاماژەی بەوەکردوە دوای پەیوەندییکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر بۆ زانینی راستیی هەواڵەکە، بەڵام ئەو سەرکردانە بە توندی هەواڵەکەیان رەتکردەوە.